بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێم: مووچەی سێ مانگی 2017 خەرج دەكرێت

:: PM:11:24:24/04/2019 ‌

ساڵی ٢٠١٧ حكوومەتی عێراق بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، مووچەی سێ مانگی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی هەرێمی كوردستانی پێوەست بە بەغدا خەرج نەكردووە، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی هەرێمیش دەڵێت, مووچەی سێ مانگەكە بەیەكەوە خەرج دەكرێت.

لیوا هێرش ئەحمەد, بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەم بە"وشە"ی راگەیاند, ساڵی ٢٠١٧ كاتێك پرسی كەركووك لەئارادا بوو، حكوومەتی عێراق مووچەی سێ مانگی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی هەرێمی كوردستانی خەرج نەكرد، بۆیە بەوهۆیەوە مووچەكانمان پێ نەدرا و تا ئێستە وەرمان نەگرتووە.

زیاتر گوتی، مووچەی ئەو سێ مانگە تایبەتە بە فەرمانبەرانی رەگەزنامە و نشینگە و پاسپۆرت و كارتی زانیاری, واتە ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی كە لە هەرێمن و بەغدا پارەیان بۆ خەرج دەكات و مووچەكانیان راستەوخۆ لە بەغداوە دێت.

بەڕێوەبەری رەگەزنامەی گشتی هەرێم روونی كردەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە بۆ ئەوەی سێ مووچەكانمان بەسەریەكەوە بۆ خەرج بكرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش پارەكەمان بۆ خەرج دەكات.

دووپاتی كردەوە، ئەگەر هەرسێ مووچەكە بەسەریەكەوە خەرج بكرێت، هەرسێ مووچەكە دەدەینە فەرمانبەران و ئەگەر لەگەڵ هەر مانگێك مووچەی مانگێك لە فەوتاوەكان خەرج بكرێت، ئاوا هەر دەدرێتە فەرمانبەرەكان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل