پۆلیسی بەغدا: خەڵكەكە بەهۆی بێكارییەوە پەنا بۆ خۆكوشتن دەبات

:: PM:08:09:25/04/2019 ‌

لەگەڵ هەڵكشانی رێژەی خۆكوشتن لە عێراق، بەڕێوەبەری پۆلسی نەوجەوانانی بەغدا دووپاتی دەكاتەوە كە دیاردەكە تاكە كەسییە و بەهۆی بێكاری و لاوازی وابەستەی خێزانییەوە دروست بووە.

حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە عێراق زۆر زیادی كردووە و زۆرجاریش گەنجان قوربانییەكەن، كاتێك ئامارێكی نافەرمی عێراق دەریخست كە لە چواریەكی یەكەمی ئەمساڵدا لە پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، 192 گەنجی كوڕ و كچ لە دۆخی جیاجیادا پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە.

عەمید عەدنان حەموود سەلمان بەڕێوەبەری پۆلسی نەوجەوانانی بەغدا ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و سەرقاڵبوون بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان و نەبوونی هەلی كاركردن، گرنگترین پاڵنەری گەنجانە بۆ خۆكوشتن.  

زیاتر گوتی، پێشتر عێراق بە دۆخی سەختدا تێپەڕ بووە وەك جەنگ و گەمارۆ بێ ئەوەی دۆخی خۆكوشتن بەو شێوەیە ببینین، ئاماژەی كرد، حكوومەتی دەتوانێت لە رێگەی نەهێشتنی ئەو بۆشاییەی هزری لای گەنجان رێگری لەو حاڵەتانە بكات بەزیادكردنی چالاكی رۆشنبیری و زانستی و وەرزشی. 

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە كە ژاپۆن زیاترین دۆخی خۆكوشتنی تیادایە بەهۆی سترێس و گوشارەكانی كارەوە، بۆیە ئێستە گەنجانی عێراق بەدەست بۆشایی كات و بیركردنەوە دەناڵێنن و پێویستە حكوومەت كارگە داخراوەكان بكاتەوە بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل