"بەهۆی گەندەڵی و ناشارەزاییەوە گەنجینەی عێراق بەتاڵ بووە"

:: PM:08:10:07/01/2017 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە بەهۆی گەندەڵی و قەڵاچۆنەكردنی گەندەڵی و نەبوونی توانست و شایستەیی لە بەڕێوەبردنی كەرتی دارایی لە عێراق، گەنجینەی دارایی عێراق بەتاڵ بووە.

ماجیدە تەمیمی كە ئەندامی لیژنەی دارایی عێراقە ئەمڕۆ لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نووسیویەتی، ئەوەی عێراقیان گەیاندە ئەو دۆخە خراپەی دارایی و گەنجینەیەكی بەتاڵ دوو هۆكاربوون، یەكەمیان ناشارەزایی لە بەڕێوەبردنی دارایی وڵات و نەبوونی دیدێكی ئابوورییانەی روون دووەمیشیان نەبوونی ویستێكی راستەقینە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە وڵات.

زیاتر گوتی، ئیمزاكردنی حكوومەتی عێراق بۆ رێككەوتنێك لەگەڵ ئەمەریكا وەك مسۆگەری قەرز بە بەهای ملیارێك دۆلاری ئەمەریكایی هیچ بەهایەكی نییە و شایستەی ئەو هەموو دەهۆڵلێدان و دەرخستنی وەك دەستكەوتێكی گەورە نییە.

تەمیمی دووپاتی كردەوە كە دەبوایە حكوومەت چارەسەری ئەو هەڵانەی بكردایە كە بوونە هۆی داڕمانی ئابووری عێراق و بەهەدەردانی چەندان ملیار دۆلار، بەتایبەتی كاتێك هەزاران فایل هەن كە لایەنە چاودێریكارەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، بەبێ بوونی ویستی راستەقینە بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، بۆیە قسەكردن لەبارەی هەر هەنگاونانێك بۆ پێشەوە لەو بارەوە یاری بەخۆ كردنە ئەگەر چارەسەری هۆكارەكانی نەكرێت.

پێنجشەمی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا ئیمزایان لەسەر رێككەوتننامەیەك كرد بۆ مسۆگەری بانكی بە بەهای ملیارێك دۆلار و باڵوێزخانەی ئەمەریكاش لە بەغدا رای گەیاند كە ئەوەیان یەكەم هەنگاوە لە پرۆسەیەك كە عێراق هەلی باشتری بۆ دەرەخسێت بۆ چوونە ناو بازاڕی سەرمایەی نێودەوڵەتی.

سەرچاوە: ئێس ئێن جی


 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل