بەغدا بەشە گەنمی گەرمیان لە 152 هەزار تۆنەوە دادەبەزێنێتە 28 هەزار تۆن

:: PM:01:44:16/06/2019 ‌

سەرباری سووتانی دەغڵودانەکانیان وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای كەمكردنەوەی ناوی جووتیاران و بڕە گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی گەرمیان دەكات و ئەوەیش جووتیارانی هێندەی تر نیگەران کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەم 16ی حوزەیران، حوسێن حەمەساڵح وەك جووتیارێكی ناوچەكە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ساڵی رابردوو هەفتەیەك پێش ئەم بەروارە لە گەرمیان بنكەی وەرگرتنی گەنم كرابوەوە، بەڵام ئەمساڵ وەرگرتنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دوا کەوتووە.

شادی حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی هۆكاری نەكردنەوەی بنكەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانمان پرسی هۆكارەكەی بۆئەوە دەگەرێتەوە گرفتی كەمكردنەوەی گەنمی جووتیارانی گەرمیان هەیە لە 152 هەزار تۆنەوە بۆ 28 هەزار تۆن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سیدی ناوی جووتیاران و بڕەكەشی نێردراوە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق كە ناوی زیاتر لە چوار هەزار جووتیاریش لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەغدا دەڵێ دەبێ ناوەكان كەم بكرێتەوە و بڕەكەش لە 152 هەزار تۆنەوە كەم بكرێتەوە بۆ 28 هەزار تۆن .

دووپاتی دەکاتەوە، بۆ چارەسەری ئەو گرفتە لایەنە پێوەندیدارەكان و ئیدارەی گەرمیان و پەرلەمانتارەكان و سایلۆی سلێمانی لە هەوڵداین.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان