وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دەستی پێ كرد

:: PM:06:46:16/06/2019 ‌

پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێ كرد و بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانیش رایدەگەیەنێت كە تا ئەوكاتەی رێژەی دیاریكراوی گەنم تەواو دەبێت، دەرگای سایلۆكان كراوە دەبن بۆ جووتیاران.

هەرچەندە بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەغدا هیچ مەرج و رێنوێنی نەناردبوو بۆ وەرگرتنی گەنم و پرۆسەكە ماوەی دوو هەفتە دواكەوت، لەمڕۆوە وەرگرتنی گەنم لە هەر چوار سایلۆی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێ كرد.

ئەندازیار محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند, لەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنم لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و شارۆكەی چەمچەماڵ و سەیدسادق دەستی پێ كردووە و دەرگای سایلۆكان كراوەبوون و جووتیارانیش گەنمیان لێ وەرگیراوە.

زیاتر گوتی, بەهۆی ئەوەی تا ئێستە بەشێكی زۆری جووتیاران گەنمەكانیان ئامادە نەكردووە، بۆیە لە یەكەم رۆژدا پرۆسەكە كەمێك سست و خاو بەڕێوە چوو، بەڵام گەنمێكی باش وەرگیراوە و لە رۆژانی داهاتوودا تا كاتی وەرگرتنی دەوام بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی روونی كردەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و پرۆسەكەش تا وەرگرتنی ئەو رێژەی كە بەغدا دیاری كردووە بۆ سنووری سلێمانی بەردەوام دەبێت كە بۆ تەواوی پارێزگاكە ١٢٠ هەزار تۆن دیاری كراوە و دابەش كراوە بەسەر راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە.

لای خۆیەوە رزگار خدر, جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند, تا ئەوكاتەی ئەو رێژە گەنمەی دیاریكرداوە وەردەگیرێت دەرگای سایلۆكان كراوە دەبن و گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.

زیاتر گوتی, ئەو نرخانەی كە بۆمان دیاریكراوە لە لایەن بەغدا گەنمی پلە یەك ٥٦٠ هەزار و پلە دوو ٤٨٠ هەزار و پلە سێ ٤٢٠ هەزار دینارە.

شایەنی باسە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دێت، بەڵام بەغدا تەنیا بڕی ٣٤٠ هەزار تۆنی دیاری كردووە بۆ هەرسێ پارێزگاكە و هەرچەندە باس لە زیادبوونی ئەو رێژەیە دەكرێت، بەڵام تا ئێستە بە فەرمی بڕیاری لەسەر نەدراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل