نرخى نه‌وت له‌گه‌ڵ لێدوانێكى پۆمپیۆ به‌رز بووه‌وه‌

:: AM:11:24:17/06/2019 ‌
نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كان به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌م به‌رزبووه‌وه‌، ئاژانسى رۆیته‌رزیش ده‌ڵێ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت به‌هۆى لێدوانه‌كه‌ى مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكایه‌.
 
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 17ى حوزه‌یران نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى دنیا به‌رز بووه‌وه‌، خامى برێنت 14 سه‌نت هاته‌ سه‌ر نرخى هه‌ر به‌رمیلێكى و بوو به‌ 62 دۆلار و 15 سه‌نت،  واته‌ به‌ رێژه‌ى %0.4  نرخه‌كه‌ى به‌رز بووه‌وه‌.

خاوى تێكساسیش  نرخه‌كه‌ى 30 سه‌نت به‌رزبووه‌وه‌ و نرخى به‌رمیلێكى بوو به‌ 52 دۆلار و 54 سه‌نت. رێژه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئه‌م خاوه‌یش به‌ % 0.4 به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسى رۆیته‌رز كه‌ ئه‌م زانیاریانه‌ى له‌ بازاڕه‌كان وه‌رگرتووه‌، هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ به‌هۆى لێدوانه‌كه‌ى مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا بووه‌.

چونكه‌ پۆمپیۆ پێشتر راى گه‌یاند واشنتن هه‌موو رێوشوێنێك ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ته‌ناهى كه‌شتیوانى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بپارێزێ.

جگه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌ى پۆمپیۆ رۆیته‌رز ئاماژه‌ بۆ هۆكارێكى تر ده‌كات ئه‌ویش لێدوانه‌كه‌ى خالد فالحى وه‌زیرى وزه‌ى سعوودیه‌ بوو كه‌ گوتى ئه‌ندامانى ئۆپیك له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ن به‌ رێككه‌وتنێك له‌باره‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل