گرێبەستی ناردنی نەوتی گەرمیان بۆ هەولێر نوێ كرایەوە

:: PM:03:19:20/06/2019 ‌

هەناردەكردنی نەوتی كیڵگەی نەوتی حەسیرەی گەرمیان كە چەند بیرێك لەخۆ دەگرێ، بەهۆی نوێكردنەوەی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاسایی بووەتەوە و رێیش نەدرا نوێكردنەوەی ئەو گرێبەستە درێژە بخایەنێت و بە سیاسیی بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی حوزەیران،  رامیار عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵای كفری بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، راگرتنی هەناردەی نەوتی گەرمیان لە كێڵگەی حەسیرەوە بۆ هەولێر هیچ هۆكارێكی لە پشتەوە نەبووە و تەنیا هۆكار ئەوەبوو لەم رۆژانەدا گرێبەستی كۆمپانیای "بلاك بول" كە نەوتی دەرهێنراوی گازپرۆمی رووسی لە گەرمیانەوە بە تانكەر دەگوازێتەوە خورمەڵەی هەولێر تەواو بوو، دواتر گرێبەست نوێ كرایەوە و ماوەی دوو رۆژە هاوشێوەی رۆژانی پێشتر بە ئاستی نەوتی گەرمیان دەبەنە خورمەڵە بۆ پاڵاوتن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بابەتی نوێكردنەوەی گرێبەست لە نێوان كۆمپانیا نەوتییەكان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بابەتێكی یاساییە و دەبێ بەپێی رەزامەندی وەزارەت و گرێبەست تانكەرە نەوتەكان بگوازرێنەوە بۆ پاڵاوگەی هەولێر بۆ ئەوەی لە بازگەكان كارئاسانییان بۆ بكرێت.

رامیار عەبدولڕەحمان ئاشكرای دەكات، رۆژانە "165" تانكەر كە زیاتر لە "35" بەرمیل نەوت هەڵدەگرن، نەوتی كێڵگەی حەسیرە بۆ پاڵاوگەی خورمەڵە دەگوازنەوە.

كۆتاهاتنی گرێبەستی گازپرۆمی رووسی و بلاك بۆڵ لەكاتێكدا بوو، مەحموود سەنگاوی بێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی هەندێك لێدوانی توندی دا و دوابەدوای لێدوانەكانی شەقام لێی هاتنەدەنگ و شەرمەزار كرا.

ئارام محەمەد چاودێری سیاسی گەرمیان بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، دەستكردن بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكە زۆر گرنگ بوو، چونكە هەوڵێك هەبوو لەژێر ناوی نوێ نەكردنەوەی گرێبەستدا هۆكاری سیاسی دروست بكرێ بۆ هەناردە نەكردنی نەوتی گەرمیان.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان