نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی لەم مانگەدا هەڵكشا

:: AM:10:17:22/06/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كرد و بەرزترین ئاستی لە مانگی حوزەیران تۆمار كرد. ئاڵۆزییەكانی كەنداو بە یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی نەوت داخرا و لە رۆژانی كۆتایی هەفتەكەش نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد و دواجار چارتی گۆڕانكاری هەفتانەی نرخی نەوتیان بە رەنگی سەوز داخست.

سەرەتای هەفتەكە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە خوارووی 62 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام دواجار نرخەكەی سەرووی سێ دۆلار هەڵكشا و بە 65 دۆلار و 25 سەنت داخرا.

پێویستە بگوترێت لە سەرەتای هەفتەكەدا نرخی نەوت بۆ 60 دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر دابەزینەكە قەرەبوو كرایەوە و گەیشتە بەرزترین ئاست كە لەم مانگەدا تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی تەكساسی ئەمەریكیش لە خوارووی 52 دۆلارەوە بۆ 57 دۆلار و 58 سەنت هەڵكشا و بەرزترین نرخی لە ماوەی ئەم مانگەدا تۆمار كرد.

ئاگرگرتنی پاڵاوگەیەكی بەرهەمهێنانی بەنزین لە ئەمەریكا، دابەزینی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لە كەنداو لە ئاكامی ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێن.

پێویستە بگوتریت بڕیارە رێكخراوی ئۆپێكیش سەرەتای مانگی داهاتوو كۆ ببێتەوە و دواین بڕیار لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەربكات، پێشبینی دەكرێت سیاسەتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە پێناو بەرزكردنەوەی نرخی نەوت درێژە پێ بدەن.



وشە - سلێمان تاشان