بەرێوەبەری گشتی ئەزموونەكان: هەڵە لە پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی 12 هەبووە

:: PM:05:49:23/06/2019 ‌
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەكان لەوەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەیشدا ددان بەوە دانراوە كە هەڵە لە پرسیاری تاقیكردنەوەكاندا هەبووە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە بریتی بووە لە گلەیی و ناڕەزایی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی كە هەڵە لە پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكانیاندا هەبووە و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە گلەیی و ناڕەزایی قوتابیانیان گەیاندە بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەكان و چەندان پرسیار و سەرنج و تێبینییان لەوبارەیەوە خستەڕوو.

لە هەواڵەكەدا هاتووە، بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەكان وەڵامی پرسیارەكانی ئەندامانی لیژنەی دایەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە ڕاستە هەڵە و تێبینی هەیە لەسەر پرسیارەكان و بەبڕیاری وەزارەت قەرەبووی قوتابیان دەكرێتەوەو زەرەرمەند نابن.

دواتر سەرۆكی لیژنە ئاماژەی بەوە كردووە كە پێویستە قەرەبووكردنەوەكە جێگیر بكرێت و ئەو كەس و لایەنانەی كە هۆكاری ئەو هەڵانەن سزا بدرێن و ڕێكاری یاساییان لە دژ بگیرێتەبەر و دووپاتی كردەوە كە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ پرسەكە بەمەبەستی دڵنیابوون لە قەرەبووكردنەوەی قوتابیان.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ بە سەتان قوتابی پۆلی 12ی ئامادەی لە شارەكانی كوردستان خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و رایان گەیاند، هەڵە لە پەرسیارەكاندا هەبووە، هاوكات بڕیارە ئەمشەو وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی تاقیكردنەوەكان بڵاو بكاتەوە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم