نهێنی هەوڵی پەرلەمانتارە كوردەكان بۆ بڕینی مووچەی ئاشكرا دەبێت

:: AM:09:18:24/06/2019 ‌
پەرلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، هەوڵێك هەیە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ گوشار خستنەسەر عادل عەبدولمەهدی بۆ نەناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی حوزەیران، موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك هاتووە، باسی كەیسی نەوت دەكرێت لە دادگای ئیتیحادی و زەقكردنەوەی ئەو كەیسە لەم كاتە هەستیارەدا كە گوشارێكی زۆر لەسەر عادل عەبدولمەهدی هەیەو باش نییە ئەم كارە بكرێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونی كردووەتەوە، لەهەمان كاتدا نەیارەكانی كورد گوشاری زیاتر لەسەر ئەو پیاوە دەكەن تا مووچە و بودجەی كورد بەباشی نەنێرێت و بیبڕێت.

باسی لەوەش كردووە، ئەمە باسێكە بە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ناكرێت و پرسێكە بە زەقكردنەوەی لە میدیای عەرەبی ناكرێت، بەڵكو بە دانانی یاسای نەوت و غاز و لێپێچینەوەی پەرلەمانی و یاسایی دەكرێت و هەر رێیەك داهات شەفافتر بكات، دەبێت دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانی بۆ كارا بكرێت.

لە كۆتایی پەیامەكەی ڕوونی كردووەتەوە، ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەی ئەو باسەیان جووڵاندووە دەبوو فراكسیۆنەكان بانگ بكەن بۆ دانانی نەخشەڕێیەك بۆ ئەو كارە و كرداری كاریگەرتر بكرێت نەك بە زەقكردنەوەی لە میدیا و لە بەغداوە لەم كاتە هەستیارەدا.

لە هەفتەی ڕابردوو سێ‌ پەرلەمانتاری كورد بەناوەكانی "هۆشیار عەبدوڵا و ئەحمەد حاجی ڕەشید و سەركەوت شەمسەدین" جارێكی تر هەوڵی پرسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان بۆ بەرپرسانی بەغدا ڕوون كردەوە.



وشە - رامیار جەواد