ئەمساڵ نزیكەی 100 كارگە و حەوت هەزار كرێكاری ئێرانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

:: PM:09:16:24/06/2019 ‌
تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ زیاتر لە پێنج هەزار كرێكاری ئێرانی هاتوونەتە سلێمانی. حكوومەت ئەگەر پلانی هەبێت، دەتوانێ سوود لە هاتنی كارگە و كۆمپانیاكان وەربگرێت و ئەگەر بێ پلانیش بێت و بێ هیچ رێنوێنییەك دەروازەكان بكاتەوە، زیانی گەورە بە ئابووری هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.

بەهۆی چڕبوونەوەی گەمارۆكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و خراپی دۆخی ئابووری، ژمارەیەكی زۆری كرێكار و كۆمپانیای ئێرانی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. 

مەلا یاسین مەحموود سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخەی ئێستە تووشی ئێران بووە، لەلایەك كەرتی گشتی زیانی بەركەوتووە و لەلایەكی تریشەوە كارگە و كۆمپانیاكانی ناوخۆی ئێران و براندە جیهانییەكان لەو دۆخە تووشی زیان بوون و كەوتوونەتە خۆیان چۆن لەو ئابڵۆقە داسەپاوەی ئەمەریكا بە كەمترین زیان ڕزگاریان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش باشترین بژاردەیان هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانییە.

بە بۆچوونی ئەو وەبەرهێنەرە، گۆڕینی ئابووریی ئێران بەو شێوازەی كە زیاتر داڕمان دروست نەبێت لە وڵاتەكە، ئەوەیە ئێران بیر لەوە بكاتەوە سوود لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەندێك لە كۆمپانیا و كارگەكانی ڕەوانەی ئەو وڵاتانە دەكات بۆ كاركردن بەتایبەت بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستان، هەرێم لە ڕووی جیۆگرافی و نزیكی لە وڵاتەكە، زەوینەسازی زۆرباش هەیە بۆ ئەوەی هەندێ لەو كارگانە ڕووی تێ بكەن، لە دوایین سەردانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەولێر، باسی لەوە كرد كە دەیانەوێ سێ شاری پیشەسازی گەورە لە عێراق دروست بكەن، دووان لەوانە دەكەونە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، كارگەكانی ئێران زیاتر خواستیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە بۆ كاركردن، بەو پێیە لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵ نزیك بە 100 كارگە و كۆمپانیا هاتوونەتە كوردستان. جگە لەمە هەندێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئێران بەتایبەت لە بواری ئۆتۆمبێل و خۆراك و پێترۆكیمیایی دەیانەوێت بێنە ناوچەكە بۆ بەرهەمهێنان. 

لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەكێك لە كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل داوای 110 دۆنم زەوی كردووە بۆ كاری بەرهەمهێنان و پرۆپۆزڵیان پێشكەش كردووە، بە دەیان كۆمپانیای تر داوای 10 بۆ 20 دۆنم زەوییان كردووە بۆ بەرهەمهێنان.

ئەو گوتی، هاتنی ئەو كارگە و كۆمپانیایانە بۆ هەرێمی كوردستان و سلێمانی بە زیانی هەرێم دەشكێتەوە ئەگەر لەگەڵ خۆیان كرێكاری ئێرانی بهێنن، چونكە دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێكی خراپ لە ناوخۆ و هەلی كار كەم دەبێتەوە، بۆیە دەكرێ هەرچی زووە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان كۆ ببنەوە و ڕێچارەی گونجاو بدۆزنەوە و ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ناوخۆی هەرێم، دەبێت بەرژەوەندی هەرێم لە بەرچاو بگیرێت.

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەران ئەوەشی خستەڕوو، بەو شێوازەی ئێستە هاتنی كۆمپانیا و كارگەكان بۆ هەرێم بەردەوام بێت، تا كۆتایی ئەمساڵ 2019 بە سەدان كۆمپانیا و كارگە ڕوو لە هەرێم دەكەن بە جۆرێك كە پێشبینی نەكراو بێت، بەڵام دەبێ ڕێنوێنی و بڕیاری حكوومەت هەبێت.

هەر بەپێی ئەو ئامارانەی بە "وشە" دراون، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵ سەرووی حەوت هەزار كرێكاری ئێرانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سلێمانی، لە دوای قۆناغی سێیەم سزاكانی ئەمەریكا ڕۆژانە زیاتر لە 10 كرێكار لە مەرزەكانی ئێرانەوە هاتوونەتە سلێمانی و بەشێكی زۆری ئەو ئێرانییانەی بەناوی گەشتیار دێنە سنوورەكە، بۆ كاركردن دێن.

مەلا یاسین ئەو مەترسییەشی خستەڕوو، ئەگەر بەو شێوازەی ئێستە هاتنی كرێكاری ئێرانی بەردەوام بێت، رێژەی بێكاری لە ناوخۆی هەرێم بەرز دەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی بەهای تمەنی ئێرانی دابەزیوە، ئەگەر كرێكاری ناوخۆ لە كۆمپانیایەك یان شوێنێك مانگی بە 500 دۆلار كار بكات، كرێكارە ئێرانییەكان بە 200 دۆلار ئەو كارە دەكەن، چونكە ئەو 200 دۆلارە بۆ ئەوان نزیك بە سێ ملیۆن تمەن دەكات كە بۆ وڵاتی خۆیان زۆرە. 

وەك ئەو باسی كرد مووچەی مانگێكی ئەندازیارێك لە ئێران ناگاتە یەك ملیۆن و 500 هەزار تمەن.

فوئاد سدیق بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاتنی كرێكاری بیانی و ئێرانی ئەگەرچی ژمارەیان زۆر كەمیش بێت بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بۆ دەستی كار گرفت دروست دەكات، چونكە چەندی كرێكاری بیانی ژمارەیان زۆر بێت، ئەوەندە هەلی كار کەم دەبێتەوە و بێكاری لە ناوخۆ زیاتر دەبێت.

زیاتر تیشكی خستە سەر ئەوەی ئێستە لە ناوخۆ بە هەزاران كرێكاری بیانی و لە ناویشیاندا كرێكاری ئێرانی هەن، هەموو ئەو كرێكارانە بوونەتە هۆی ئەوەی كرێكاری ناوخۆ بێكار بن یان مووچە و دەستحەقیان كەم ببێتەوە، هۆكارەكەش ئەوەیە كرێكاری ئێران بە كرێی كەم كار دەكات.

چالاك ڕەئووف سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاماری تەواو لە بەردەستدا نییە لەبارەی هاتنی كرێكاری ئێرانی بۆ سلێمانی، چونكە بەشی هەرە زۆری ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی ڕۆژهەڵات كە بەناوی گەشتیار دێنە سلێمانی، بۆ كرێكاری و كار دێن، ئەوان لێرە كار دەكەن، پێش تەواوبوونی وادەیان دەچنەوە و ماوەكە نوێ دەكەنەوە و دواتر دەگەڕێنەوە، تەنیا بەشێكی كەمیان گەشتیارن كە بە خێزانی دێن.

زیاتر گوتی، بە هەزاران كرێكاری ئێرانی لە سلێمانی كار دەكەن و بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی هەلی كار لە ناوخۆ، جگە لەوەی كە ئەو كرێكارە ئێرانییانە كە بۆ ماڵێك كار دەكەن، هیچ گرەنتی نادەن و هیچ خەرجییەكیان نییە، چونكە تا كاتی تەواوبوونی كارەكە لەو ماڵە دەمێننەوە و بەتەواوی كاریگەریشیان لەسەر ئابووری ناوچەكە دروست كردووە.

بەشێكی تر لە گرفتەكە بۆ خاوەن كاری ناوخۆ دەگەڕێتەوە كە كارێكی دەبێت بە كرێكارە ئێرانی و بیانییەكان دەیكەن، چونكە بە نرخێكی كەمتر كار دەكەن، ئەوەش بێكاری دروست كردووە و ئەگەر لایەنی پێوەندیدار چارەسەرێكی خێرا نەدۆزیتەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا بە تەواوی هەلی كار لە ناوخۆ كەم دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لایەنی تەناهی ناوچەكەش تووشی چەندان كێشە و مەترسی دەبێت.

پێویستە بگوترێ هاتنی كرێكار و كارگە بۆ هەرێمی كوردستان، دەتوانێ كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەبێت و ئەگەر حكوومەت پلانی بۆ ئەم كارگانە هەبێت، ئەوا بە قازانج بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە و ئەگەر هیچ پلانێكیشی نەبێت و بێ هیچ رێوشوێنێك دەروازەكان بكاتەوە، ئەوا زیان بە ئابووری هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌