بەرهەمهێنانی مریشك لە سلێمانی ڕاگیرا

:: PM:03:42:06/07/2019 ‌
خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر هەڕەشەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مریشك دەكەن لە سلێمانی و ئاماژە بەوە دەكەن، بەهۆی بەردەوام دابەزینی مریشك ناچارن كێڵگەكان دابخەن و بەرهەمی مریشك رابگرن.

ئەمڕۆ شەموو شەشی تەمووز، نازم عەبدوڵا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بەردەوامی هاوردەكردنی مریشك لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێم و گرنگی نەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، سەرەڕای ئەوەی بەرهەم لە پێویستی زیاترە، تووشی گرفتی گەورە بووین و زیانێكی زۆرمان كردووە و كەس بەدەم داواكارییەكانمان نایەت.

روونی كردەوە كە بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنی پێوەندیدار هەڵوێست وەردەگرین و بەرهەمهێنانی مریشك رادەگرین لە سلێمانی، چونكە ناكرێت بەردەوام لە زیاندا بین لەكاتێكدا كێڵگە پەلەوەرییەكان بڕێكی زۆر لە پێویستی مریشك دەخەنە بازاڕەوە، ئەگەر ڕێكخستنەوە هەبێت دەتوانین مریشك هەناردەی دەرەوە بكەین.

زیاتر گوتی، تەواوی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی كە زیاتر لە هەزار و 200 هۆڵی بەرهەمهێنانی مریشكن لە سنوورەكە، بەرهەمهێنانی مریشك بۆ ماوەیەك رادەگرین بۆ ئەوەی لایەنی پێوەندیدار بزانێت ئێمە لە دۆخێكی خراپداین و خاوەن كێڵگەكان سەرجەمیان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ راگرتن و ناكرێت بە زیانكردن لە خۆمان هەر بەردەوام بین.

بەپێی ئامارێك كە دەستی "وشە" كەوتووە لە سلێمانی زیاتر لە 600 پڕۆژەی بەرهەمهێنامی مریشك هەیە و پێویستی ساڵانەی پارێزگاكە 70 هەزار تۆن دەبێ، بەڵام كێڵگەكان زیاتر لە  170 هەزار تۆن مریشك بەرهەم دەهێنن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم