لەیلا فەریقی گۆرانی بۆ ژن و منداڵ دەڵێت

:: AM:10:28:12/01/2017 ‌

دوای دووركەوتنەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ، خاتوونە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد لەیلا فەریقی، دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان بۆ ئەنجامدانی كاری نوێی هونەری. لەناو كارەكانیدا گۆرانی بۆ ژن و منداڵ و كوردستان دەڵێت.

لەوبارەیەوە هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر كە ئاوازی گۆرانیی نوێی بۆ داناوە و سەرپەرشتی ئەلبوومە نوێیەكەی دەكات، بەرۆژنامەی "وشە"ی راگەیاند: لە ئێستەدا لەگەڵ خاتوونە هونەرمەند لەیلا فەریقی بەیەكەوە كار بۆ چەند بەرهەمێكی نوێی گۆرانی دەكەین، لە ئەلبوومێكدا كار بۆ چەند بەرهەمێكی شێوازی پۆپ و رۆمانسی و كلاسیكی دەكەین، ئەو ئەلبوومە لە نۆ تا 10 تراك پێك دێت و نزیكەی پێنچ گۆرانیمان تەواو كردووە. 

هەروەها گوتی، لەو ئەلبوومەدا بەرهەمێك بۆ ئافرەتانە و پەیامەكەی ئەوەیە كە ژیان بەبێ ژن مانای نییە، ئێستە ئەو گۆرانییە تەواو بووە و بەم زووانە كلیپی دەكەین، هەروەها گۆرانییەكی تایبەت بە منداڵانە. هاوكات كارمان بۆ بەرهەمێكی تر كردووە بەناوی "كوردستان" كە بریتییە لە سروودێكی نیشتمانی لە هۆنراوەی شێركۆ بێكەس و لە ئاوازی منە، لە ئێستەدا ئەو بەرهەمە كاری دەنگیی تەواو بووە و بەم زووانە كلیپی دەكەین. 

فەریقی یەكەم خاتوونە گۆرانیبێژی كوردە كە گۆرانیی هاوبەشی كوردی و عەرەبی لەگەڵ گۆرانیبێژی ناسراوی عەرەب عەلی حەجار گوتووە. فەریقی بە"وشە"ی راگەیاند: پێشنیاز هەیە گۆرانییەكی لەو جۆرە بكەم، بەڵام چۆن و كەی دەكرێ، ناتوانم ئاشكرای بكەم، ڕەنگە گۆرانییەكی فارسیش بڵێم. 

وشە/ شاخەوان شێخانی




وشە - تایبه‌ت