بانكی جیهانیی پێشبینی كرد لە ساڵی ٢٠١٧دا پاكستان ببێتە دووەم دەسەڵاتی ئابووریی وڵاتانی باشووری ئاسیا.
بەگوێرەی پێشبینییەكان لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، ئابووریی پاكستان بە رێژەیەكی بەرچاو گەشە دەكات و وەبەرهێنەران روو لەو وڵاتە دەكەن.
بەهۆی چاكسازیی ئابووری و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بیانی، زۆرترین گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٧دا تۆمار دەكرێت.
بە پێی راپۆرتەكەی بانكی جیهانیی لە ساڵی ٢٠١٧، رێژەی گەشەی ئابووریی پاكستان دەگاتە ٢.١٥%، لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٥.١٥% و لە ساڵی ٢٠١٩ بەرەو ٨.١٥% بەرز دەبێتەوە.
پاكستان لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥دا بە دەستەبەركردنی رێژەی گەشەی ئابووری ٤.٨% ركابەری سەنگافورەی كرد و بوو بە دووەم وڵات لە گەشەی ئابووری لە دوای چین.
ئابووریی پاكستان لە دوو دەیەی رابردوودا تووشی هەوراز و نشێوی زۆر بووە و گرنگترین هۆكاری ئەو هەوراز و نشێوەش بۆ ناسەقامگیری سیاسی دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی
فارسنیوز، گەشەی ئابووریی پاكستان لە ساڵی ٢٠١٦دا ٢% بەرەو ٧% زیادی كرد، سەرەڕای ئەو كێشە زۆرانەی لە رووی ئابووری و سیاسی وڵاتی گرتووەتەوە، جگەلەمە گەشەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە ١٥ ساڵی رابردوودا سەرووی ملیۆن كەس بووە.
چین لە چەند ساڵی رابردوودا بە قەبارەیەكی زۆر لەو وڵاتە وەبەرهێنانی كردووە و رووسیاش لەرووی ئابوورییەوە لە پاكستان نزیك كەوتووەتەوە و هەموو ئەوانەش وایان كردووە بۆڕسەی كەراچی گەشە بكات.
جێگەی باسە ژمارەی دانیشتووانی پاكستان نزیكەی ٢٠٠ ملیۆن كەسە و داهاتی گشتیی نەپاڵێوراوی ئەو وڵاتەش ساڵانە دەگاتە سەرووی ٢٩٥ ملیار دۆلار.