لە سبەینێوە گەشتكردنی‌ مامۆستایان بە قیست بۆ دوو وڵات دەست پێ دەكات

:: PM:04:21:17/07/2019 ‌


سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە بەرژەوەندی مامۆستایان رێككەوتن لەگەڵ دوو كۆمپانیای گەشتیاری كراوە بۆ ئەوەی مامۆستایان لەم وەرزەدا بچنە دەرەوە و دەشڵێت، لە سبەینێوە مامۆستایان دەتوانن سەردانی لقەكان بكەن و ناویان تۆمار بكەن. 

ئەمڕۆ چوارشەم‌ 17ی تەمووز، ئەحمەد گەرمیانی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی مامۆستایان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە به باشترین شێوە خزمەتی مامۆستایان بكات و لەو چوارچێوەیەدا ئێستە كە وەرزی گەرما و هاوینە و وەرزی گەشتكردنە لەگەڵ دوو كۆمپانیای گەشتیاری رێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی مامۆستایان ببەنە دوو وڵات بۆ گەشتكردن بە شێوازی قیست بە بڕە پارەیەكی زۆر كەم. 

ئەوەشی گوت, یەكێك لە كۆمپانیاكان لە سلێمانییە و مامۆستایانی سلێمانی دەتوانن لەرێی لقی یەكێتی مامۆستایان لە سلێمانی خۆیان تۆمار بكەن بۆ گەشتكردن و كۆمپانیاكەی تریش لە دهۆكە به ناوی یارن و بە هەمانشێوە مامۆستایانی ئەو دوو پارێزگایە دەتوانن سەردانی ئەو كۆمپانیایە بكەن بۆ خۆ تۆماركردن.

بەگوتەی گەرمیانی گەشتەكان بۆ دوو وڵاتە و بە شێوازی قیست دەبێت, وڵاتەكان توركیا و ئازربایجانه ‌و نرخەكان زۆر گونجاوە بەتایبەت بۆ ئازەربایجان كە تەنیا 340 دۆلارە و پارەكە بە قیستی مانگانە دەدرێت و بۆ یەك مانگ 100 دۆلار دەدرێت, هەموو ئامادەكاری و مانەوە  و گەڕان و ڤیزا  و خواردن لەسەر ئەو بڕه ‌پارەیە دەبێت و كۆمپانیاكە دابینی دەكات و ڕۆیشتن و گەڕانەوە بە ڕێی وشكایی دەبێت.

هەروەها روونی كردەوە لە ئەمڕۆوە مامۆستایان لە لقەكان خۆیان تۆمار كردووە  بۆ ئەو گەشتە و لە سبەینێوەش هەموو مامۆستایان ئەوانەی ئەندامن لە یەكێتی مامۆستایان دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن لە لقەكان و دەست به گەشتكردن بكەن چونكە لەگەڵ كۆمپانیاكان بابەتەكە‌ یەكلا كراوەتەوە و گرفتی تێدا نەماوە.

بە بۆچوونی گەرمیانی ئەم ئۆفەرە خێزانی مامۆستایان دەگرێتەوە واتە مامۆستایان دەتوانن لەگەڵ خێزانەكانیان ئەو گەشتە بكەن ئەگەر خێزانەكانیشیان مامۆستا نەبن ئاساییە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان