چاپخانەكان: وەزارەتی پەروەردە پشتمان پێ نابەستێت و كتێبەكانی لە دەرەوە چاپ دەكات


وەزارەتی پەروەردە: ئەمساڵ 14 ملیار دینار بۆ چاپی كتێب تەرخان كراوە


هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، وەزارەتی پەروەردە چاپخانەكانی ناوخۆی لە مافی چاپكردنی كتێب بێبەش كردووە، بە میكانیزمێك بانگەوازی بۆ چاپكردنی كتێبەكان كردووە كە چاپخانەكانی ناوخۆ لێی ناڕازین و دەڵێن، مەرج و رێنوێنی و كۆی پرۆسەی بانگەوازەكە هەڵەیە و پێشوەختە چاپخانەكانی ناوخۆ لەو كێبەركێیەدا دۆڕاون. بۆیە راپۆرتێكیان داوەتە وەزارەت و داوای پێداچوونەوە بە سیاسەتی چاپدا دەكەن.

ساڵانە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی كتێبی قوتابخانەكانی، بە سەدان هەزار كتێب چاپ دەكات، ئەركی ئەم چاپە بە كۆمپانیا و چاپخانەكان دەسپێرێت، بەڵام پشكی شێری بەر چاپخانەكانی دەرەوەی وڵات و ئەو كۆمپانیایانە دەكەوێت كە كارەكەیان چاپكردنی كتێب نییە.

زۆربەی ئەو كتێبانەی ساڵانە بڕە بودجەیەكی زۆر بۆ چاپكردنیان تەرخان دەكرێت لە دەرەوە چاپ دەكرێن، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی دەیان چاپخانەی پێشكەوتووە و دەكرێ لانی كەم بەشێك لەم چاپخانانە پشتیان پێ ببەسترێت. 

جگە لە چاپخانەكانی كەرتی تایبەت، حكوومەتیش چەندان چاپخانەی هەیە كە دەكرێ چالاكیان بكات و توانای چاپكردنی ناوخۆ بەرز بكاتەوە، چیتر پشت بە چاپخانەكانی دەرەوەی وڵات نەبەستێت و سەرمایە و بودجەكە بۆ گیرفانی ناوخۆ بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی ئەم زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بۆ چاپكردنی كتێبەكانی پرۆگرامی خوێندن، پشتی بە چاپخانەكانی دەرەوە بەستووە و ناوخۆییەكانی بێبەش كردووە.

سۆران عەبدولڕەحمان خاوەنی چاپخانە و شارەزا لە بواری چاپی كتێب، بۆ "وشە" دەڵێت، لە رابردوودا هیچ كاتێك وەزارەتی پەروەردە بۆ چاپكردنی كتێب پشتی بە چاپخانەكانی ناوخۆ نەبەستووە، هیچ هەنگاوێكی بەرەو خۆماڵیكردنی ئەم كەرتە نەهاویشتووە و بەبێ رەچاوكردنی هیچ پلانێكی ستراتیجی بۆ چاپكردنی كتێب، بە گرێبەستێك ئەركەكە لە كۆڵ خۆی دەكاتەوە، بێ ئەوەی بیر لە دەرەنجامەكان و بە فیڕۆدانی ئەو سامانە زۆرە بكاتەوە.

ئاماژەی دا "لەوانەیە چاپخانەكانی ناوخۆ لە توانایاندا نەبێت 100%ی كتێبەكان چاپ بكەن، بەڵام خۆ دەكرێ بەشێك لە چاپی كتێبەكان بەو چاپخانانە بسپێرن و ساڵانە رێژەكە بەرز بكاتەوە تا دەگاتە قۆناغێك چیتر بۆ چاپی كتێب پێویستی بە دەرەوەی وڵات نامێنێت".

خاوەن چاپخانەكە باس لە گوتەیەكی وەزیری پێشووی پەروەردە دەكات كە ساڵی رابردوو گوتبووی چاپخانەكانی ناوخۆ تەنیا دەتوانن 15%ی كتێبەكان چاپ بكەن، قسەكەی وەك ئەوە وابوو ئەو رێژەیە لە چاپكردنی كتێبی بە چاپخانەكانی ناوخۆ سپاردبێت، لە كاتێكدا بۆ 2%یش پشت بە چاپخانەكانی ناوخۆ نەبەستراوە. 

ئەو كە ئاگاداری ئامار و توانای سەرجەم چاپخانەكانی كوردستانە، پێی وایە "چاپخانەكانی ناوخۆ توانایان هەیە لە قۆناغی یەكەم 25%ی سەرجەم كتێبەكانی وەزارەتی پەروەردە چاپ بكەن". هاوكات ددان بەوەدا دەنێت كە 100%ی چاپەكە بەوان ناكرێ، چونكە پێویستی بە كاتی زیاتر و ئامێری گەورەتر و تەنانەت كۆگای زۆر گەورەیە كە 13 تڕێلە كاغەز هەڵبگرێت. بەڵام دەڵێ "خۆ دەكرێ قۆناغ بە قۆناغ پشت بە چاپخانەكانی ناوخۆ ببەسترێت".

پێویستە بگوترێ ساڵانی پێش تەنگژەی دارایی 40 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ چاپی كتێب خەرج كراوە كە لە ساڵانی تەنگژەی دارایی بۆ 10 ملیۆن دۆلار كەم كرایەوە، ئەمساڵیش 14 ملیار دینار بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كراوە.

ئیسماعیل كوێستانی بەرپرسی تەجهیزات لە وەزارەتی پەروەردە، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە ئەمساڵ بۆ پێدانی چاپی كتێبیەكانی پەروەردە، دووجار بانگەوازی گشتییان كردووە. جاری یەكەم چوار كۆمپانیا ناوەكانیان دەرچوو و دواتر بۆ ئەوەی مافی هیچ كەسێك نەفەوتێت، جارێكی تر بانگەواز كرایەوە و پێنج كۆمپانیا ناویان دەرچوو كە لەوانە چواریان هی كوردستانن و یەكێكیان هی توركیایە.
ئەو نموونەی بە یەكێك لە كۆمپانیاكانی ناوخۆ هێنایەوە كە بایی چوار ملیار دینار چاپی كتێبی بۆ دەرچوو، ئەویش "كۆمپانیای قەیوان"ـە. 
جێی ئاماژەیە ئەم كۆمپانیایە حزبییە و هی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، تەنانەت چاپخانەیشیان نییە و رەنگە بۆ كۆمپانیای سێیەم ئیمتیازەكەی وەرگرتبێت و مەبەستێكی بازرگانی لە پشت بێت، دواجار كتێبەكە هەر لە دەرەوە چاپ دەكرێت و لەوانەیە ئەو كۆمپانیایانە ئەركی گواستنەوەی كتێبەكان و لایەنە تەكنیكییەكان لە ئەستۆ بگرن.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پەروەردە رەتی دەكاتەوە كە كێشەی سپاردنی كتێب بە كۆمپانیا گەورەكان پێوەندی بە زۆریی سەرمایەكانیان یان توانایان هەبێت، بەڵكو ئەوەی ئەوان بانگەوازی بۆ دەكەن بە یەك پاكێج نییە و 31 گرووپ لە خۆ دەگرێت و هەندێكیان سەرمایەیەكی زۆر كەمی دەوێ و چاپخانەیەكی ئاسایی دەتوانێ وەریبگرێت، بەڵام ئەگەر چاپخانەكانی ناوخۆ خۆیان نەیەنە پێشەوە و داوای چاپی كتێب نەكەن، وەزارەت هیچ تاوانێكی نییە.

بەڵام خاوەن چاپخانەكە دەڵێ "ئەوەی وەزارەت باسیان دەكات دەكرێ راست بێت، بەڵام كێشەی چاپخانەكانی ناوخۆ لە مەرجەكانی وەزارەتی پەروەردەیە كە خراپ داڕێژراون، ناكرێ چاپخانەیەكی ناوخۆیی كە 15 ساڵ ئەزموونی هەیە، لەگەڵ چاپخانەیەكی دەرەكی كە 200 ساڵ ئەزموونی هەیە بەیەكەوە كێبەركێ بكەن، چونكە دیارە كامەیان دەیباتەوە".

سۆران پێی وایە هیچ پاڵپشتی و میكانیزمێك بۆ چاپخانەی ناوخۆیی نییە لە كوردستان، وەزارەتی پەروەردە تا ئێستە مشووری ئەمەی نەخواردووە، بۆیە لەم رۆژانەیشدا یاداشتێكیان بە ناوی كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستان ئاراستەی وەزیری نوێی پەروەردە كردووە.
لە یاداشتەكەی كۆمەڵەكەدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووە، باس لە قۆناغی دوای راپەڕین بەراورد بە قۆناغی دوای رووخانی رژێمی بەعس كراوە و تێیدا هاتووە، دوای راپەڕین سەرەڕای ئەو هەموو كەموكورتییە لە كوردستان، 100%ی چاپی كتێبەكان پشت بە چاپخانەی ناوخۆ بەستراوە، كەچی لە قۆناغی دوای رووخانی بەعس دۆخەكە پاشەكشەی كردووە، پشت لە چاپخانەكانی ناوخۆ و روو لە چاپخانەكانی دەرەوە كراوە.

لە راپۆرتەكەدا باسی ئاماری چاپخانەكان كراوە كە ژمارەیان 163 چاپخانەیە، لەوانەش 14 چاپخانەیان پلە یەك و 18ی تریان پلە دوو و ئەوانەی تریان بە پلە سێ دانراون. هاوكات داوا لە وەزارەتی پەروەردە كراوە لە پرسی چاپكردنی كتێب بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە و لانی كەم بە لەبەرچاوگرتنی رێنوێنی و رێساكانی خۆی، بە رێژەی 15 تا 20% پشت بە چاپخانەكانی ناوخۆ ببەستێت.



وشە - سلێمان تاشان


AM:09:18:13/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 58 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌