بۆ پاشەكەوتی مووچە كۆبوونەوە كرا

:: AM:09:12:21/08/2019 ‌
لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری بانگێشتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ پەرلەمان بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر پاشەكەوتی مووچە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی ئاب، لیژنەی دارایی و كاروباری پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ‌ بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ كرا.

ڕوون كراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەسەر رۆڵی دیوانی چاودێریی دارایی كرا و بڕیار درا لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بانگهێشتی لیژنەكە بكرێت.

باس لەوەش كراوە، گفتوگۆ لەسەر مووچەی فەرمانبەران و دواكەوتنی و پلانی حكوومەت بۆ چۆنیەتیی پێدانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و ئامادەكاری بۆ بودجەی 2020 كرا، لەوبارەیەوە لیژنە بڕیاری دا لە ئایندەیەكی نزیكدا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم كۆ ببێتەوە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بەفەرمی داوا لە حكوومەت كرا پەلە بكات لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی راژە و ناردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی بۆ پەرلەمانی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد