مەرزی باشماخ بڕیارێك لەبارەی هێنانی كەلوپەل دەردەكات

:: PM:05:36:22/08/2019 ‌
بەرێوەبەرایەتی مەرزی باشماخ بڕیارێك لەبارەی ئەو بازرگانانانە دەردەكات كە كەلوپەل دەهێننە شارەكانی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، مەریوان كەمال بەرپرسی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە لەژێر ڕۆشنایی و داوای قایمقامی پێنجوێن و بەشێك لەخەڵكی پێنجوێن، وەك كارئاسانی و هاوكارییەك بە دانیشتوانی پێنجوێن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە ڕێگەپێدران و كارئاسانی بۆ بەشێك لەشۆفێران و بازرگانانی سنوورەكە كراوە كە بتوانن خواردەمەنی و سووتەمەنی و كەلوپەل و پێداویستی ڕۆژانە بەبێ هیچ ڕسوومات و گومركێك لەئێرانەوە هاوردە بكەن

ڕوونیشی كردەوە كە ڕۆژانە بەشێك لەو شۆفێر و بازرگانانە ئەم هەلەیان دەقۆستەوە و بەناوی بازاڕی پێنجوێنەوە كەلوپەلەكانیان دەرباز دەكرد و ڕاستەوخۆ دەیانگەیاندە بازاڕەكانی شارەكانی ترەوە و بەهیچ شێوەیەك سودی بەبازاڕی پێنجوێن نەدەگەیاند.
 
زیاتر گوتی، بڕیارێكە و دراوە كە دەبێت ئەو كەلوپەلانەی بە باشماخدا دێن سوود بە پێنجوێن بگەیەنن.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەمەرزە فەرمییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لەشارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجامدەدرێت.


 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم