نەزاهەی پەرلەمانی عێراق: نووسینگەی پشكنەران سەرچاوەی گەندەڵییە

:: PM:07:34:22/08/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد كە جموجۆڵێك لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نووسنگەكانی پشكنەرانی گشتی لە وەرزی داهاتووی یاسادانانی پەرلەمان و دووپاتی كردەوە كە بوونی ئەو نووسینگانە دەروازەیەكی تری گەندەڵین لە عێراق.

عەبدولئەمیر مەیاحی  ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، بوونی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی لە وەزارەت و دەستەكان قۆرخكردنی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی عێراقە.

زیاتر گوتی، زۆرینەی پشكنەرە گشتییەكان زانیاری تەواویان بە گەندەڵی وەزیر و بریكار و بەڕێوەبەرامی گشتی وەزارەتەكانیان هەیە و ئەوان تەنیا توانای لێپرسینەوەیان لە فەرمانبەرانی ئاسایی هەیە، بۆیە بوونیان بازنەیەكە لە بازنەكانی گەندەڵی كارگێڕی. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان روونی كردەوە، نووسینگەی پشكنەرانی گشتی و ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەستگرتنە بەسەر كار و دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و بەربەستكردنی ئاشكراكردنی گەندەڵییە و كەسانێك هەن هانی مانەوەیان دەدەن، بۆیە لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان لە رێگەی دەركردنی یاساوە سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو نووسینگانە لە هەموو وەزارەت و دەستەكانەوە.

لە ماوەی رابردوودا هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی لە وەزارەتەكانی عێراق كە بە بڕیاری پۆل بریمەرەوە هاتوونەتە دامەزراندن، عادل عەبدولمەهدی بڕیاری دا ژمارەی پشكنەران لە دامەزراوە حكوومەتییەكان زیاتر بكات، ئەوەش ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی لێ كەوتووەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل