ئەندەنووسیا تاوتوێی كردنەوەی كونسوڵخانە لە كوردستان دەكات

:: PM:07:52:16/01/2017 ‌

پێشنیازی كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتی ئەندەنووسیا لە هەرێمی كوردستان، ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەندەنووسیا دەكرێت لە بەغدا و بەم نزیكانە وەڵام دەدەنەوە.

موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی ڕا گەیاند، دوێنێ وەك ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی عێراق و سەرۆكی لیژنەی دۆستایەتی پەرلەمانی عێراق و ئەندەنووسیا، پێشوازیم لە باڵوێزی ئەو وڵاتە لە بەغدا كرد و پێشنیازی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەندەنووسیام لە هەرێم خستە بەردەمیان.

ئەندامە كوردەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، باسی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و هەردوو پەرلەمانی ئەو دوو وڵاتە كرا، هەروەها پێشنیازمان كرد ئەندەنووسیا كونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.

لەبارەی وەڵامی باڵوێزخانەی ئەندەنووسیا موسەنا گوتی، پێیان ڕاگەیاندین كە چەند ڕێوشوێنێك هەیە بۆ داواكارییەكە و دەیگرینە بەر و دواتر وەڵامتان دەدەینەوە.

ئەندەنووسیا یەكێكە لە وڵاتە ئیسلامییەكان و كەوتووەتە باشووری كیشوەری ئاسیا كە پشت بە كشتوكاڵ و گەشتوگوزار دەبەستێت بۆ دەستخستنی داهات.

ئێستە لە هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی 36 وڵاتی لێ كراوەتەوە، ئەمەش وای كرد كە بەم دواییە گەورە بەر پرسێكی ئێران هەبوونی ئەو ژمارە نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییە لە كوردستان بە نائاسایی دابنێت و داوای داخستنی كونسوڵخانەی سعوودیە لە هەولێر بكات، ئەوەش كاردانەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا و وای كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی وەڵام بداتەوە.




وشە - رامیار جەواد