كوردستان و فلاندەرز پێوەندییەكانیان فرەوانتر دەكەن

:: PM:06:18:18/01/2017 ‌

لە بەلجیكا كۆڕبەندی ئابووری و بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی فلاندەرز بەرێوە چوو، كە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 60 كۆمپانیا بەشداریان كردبوو.

كۆربەندەكە لەسەر داوای هەرێمی فلاندەرز و بە هەماهەنگیی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا و ژووری بازرگانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا بەڕێوە چوو.

لە كۆڕبەندەكەدا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كرد و چەندان سیمینار و پانێڵ لەبارەی هەرێمی كوردستان بەرێوە چوو.

لە كۆڕبەندەكەدا وەزیری پلاندانان رای گەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئەرێنی دەڕوانێتە ئەو پێوەندییە دوو قۆڵییەی كە هەیە لە نێوانماندا و دەمانەوێ هەماهەنگی زیاتر دروست بكەین بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەش.

پێشتر دلاوەر خالید ئاژگەی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا رای گەیاندبوو، ئامانجی ئەو كۆڕبەندە پتەوكردنی پێوەندیەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی بێنالۆكس و لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بازرگانان و كۆمپانیاكانی فلاندەرز بەشێك لە سەرمایە و پڕۆژەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بگوازنەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم