وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی دەركرد

:: AM:09:10:19/09/2019 ‌
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی بۆ كەمئەندامان دەركرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئەیلوول، بەپێی نووسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بڕیار درا بە خەرجكردنی بڕی یەك ملیار و 704 ملیۆن و 300 هەزار دینار وەك مووچەی كەمئەندامان كە دووبارە لە لیژنەكانی پشكنینەوە دەرچوونە.

لە نووسراوەكەدا ئاشكرا كراوە، خەرجكردنی مووچەكە بۆ مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2018 یە بۆ پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و یەكە ئیدارییەكان، هەروەها لەو پارەیە خەرج دەكرێت بەپێی ڕێنوێنییەكان و پێویستە كەسی شایستە بەمەرجی پەسەندی وەزارەتەكانی هەبێت.

ئەو نووسراوە لە كاتێكدایە ماوەی هەشت مانگە مووچەی كەمئەندامان كە ژمارەیان لە 13 هەزار كەس زیاتر بوو وەستاوە و دووبارە پشكنینیان بۆ كرایەوە، 13 هەزار كەمئەندام بە شایستە زانران و بەمەش كۆی گشتی كەمئەندامان بوو بە 94 هەزار كەمئەندام.





وشە - رامیار جەواد