لە دهۆك نرخی ئارایشگەكان رێك دەخرێن

:: AM:09:06:13/10/2019 ‌

بەرزی نرخی ئارایشگەكان لە دهۆك، كچ و ژنانی ئەو شارە نیگەران دەكات، بەوەی كە پارەیەكی زۆریان لێ وەردەگیرێت بۆ بچووكترین كار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە ژنان پێیان وایە ئەوان خۆیان هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئارایشگەكان بەوەی خواستی زۆر لەسەر هەندێك ئارایشگە دروست دەكەن.

بەرزیی نرخی ئارایشگە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیریی هەیە، زۆربەی سەنتەرەكانی جوانكاری و ئارایشگەكانی ناوشاری دهۆك، بە نرخێكی زۆر بەرز كاری رازاندنەوەی بووك دەكەن كە لە نێوان 300 بۆ هەزار و 500 دۆلار دەبێت.

كوڕ ترسیان لەوە هەیە هاوسەرگیری بكەن پێویستیان بە خەرجییەكی زۆر دەبێت، لەوانەیش كڕینی زێڕ و تێچووی پارەیەكی زۆر لە بابەتی جلوبەرگ و ئارایشگە، كە هیچ كامێكیان مەرج نین بۆ سەركەوتنی هاوسەرگیری و بەختەوەركردنیان، بەڵام كچ گرنگی پێ دەدەن و بوونەتە هۆی ئەوەی كوڕ نەوێرن هەنگاو بۆ هاوسەرگیری بنێن.

شیان سەبری، هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارایشگە بۆ ژنان خۆیان دەگەڕێنێتەوە و بۆ "وشە" گوتی، خوا نەكات كچێك رێكلام بۆ جێیەك بكات و لای هاوڕێكانی بڵێت فڵان جێ ئیشی جوان دەكات، ئیتر ژنانی تر هەموویان چاوی لێ دەكەن و دەبێت بڕۆنە هەمان ئارایشگە، راستییەكەی هیچ بنەمایەك بۆ جوانیی كاری ئارایشگەكان نییە.

هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارایشگەكان بۆ كچ و ژنان خۆیان دەگەڕێتەوە.

زیاتر خستیەڕوو، پێش مانگێك هاوڕێیەكی هاوسەرگیری كرد و چووە یەكێك لە سەنتەرەكانی جوانكاریی دهۆك، تەنیا بۆ پرۆسەی ئەڵقەگۆڕینەوە 700 دۆلاری لێ وەرگیرا كە ماكیاجكردن و چاككردنی قژی، لەخۆ دەگرت.

دێرین كە خاوەنی یەكێك لە ئارایشتگەكانی جوانكارییە لە گەڕەكێكی میلی دهۆك، روونی كردەوە كە هەموو جوانكارییەكان نرخیان بەرز نییە، لەگەڵ ئەوەشدا كاری جوانیش دەكەن، بەڵام دیاردەی چاولێكردن كاریگەریی لەسەر ژنان هەیە بۆ ئەوەی بڕۆنە ئارایشگە گرانبەهاكان. 

ئەو دەڵێت "ئێمە بە 250 دۆلار بووك دەڕازێنینەوە، كەچی ئارایشگەكانی تر تا هەزار و 500 دۆلار ئەو كارە دەكەن".
ئارایشگەكانی تر كە خۆیان بە سەنتەری گەورەی جوانكاری و رازاندنەوە دەناسێنن، نرخێكی یەكجار زۆریان لەسەر كارەكانیانە، بەو ئاستەی هەندێك لە سەنتەرەكان مانگانە تا 20 هەزار دۆلار قازانج دەكەن.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە یەكێك لە سەنتەرە بە ناوبانگەكانی دهۆك كە نرخیان زۆر گرانە و لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی دهۆك بەزۆریی رووی تێدەكەن، بەپێی قسەی ئەو خاوەن سەنتەرانە پارەیەكی زۆر دەدەنە كرێ و كەلوپەلەكانی جوانكاریشیان زۆر گرانە و لە دەرەوەی وڵات دەیهێنن.

یەكێك لە كچەكانی ناو سەنتەرەكە كە بۆ رەنگكردنی قژی خۆی هاتبوو، بۆ "وشە" گوتی، "من ناڕۆمە هەموو شوێنێك كە خۆیان بە ئارایشگە دەزانن، راستییەكەی هیچ نازانن و بە خەڵك خۆیان فێری جوانكاری دەكەن، بەلامەوە ئاساییە پارەیەكی زۆر بدەم، بەڵام ئیشەكەم بە دڵ بێت، ئەم سەنتەرە شتێكی مودێرن و جوان دەكات."

بەئامانجی بە دواداچوون و چاودێریكردن و رێكخستنی كاری ئارایشگە و سەنتەر و كلینیكەكانی جوانكاری لە دهۆك، لیژنەیەكی حەوت كەسی پێك هاتووە كە پێك دێن لە نوێنەرانی قایمقامی دهۆك، سەندیكای پزیشكان، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی.

هەیفا سدیق میكائیل پارێزەر سەرۆكی لیژنەكە، بۆ "وشە" دەڵێت، بەهۆی ئەو نرخە بەرزەی زۆربەی ئارایشگە و سەنتەر و كلینیكەكانی جوانكاری لە دهۆك هەیانە، بە پێویستمان زانی بەداواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەین و لە نزیكەوە چاودێری كاری ئەم شوێنانە بكەین لە رووی پێدانی كرێ و نرخی كەلوپەل و پێدانی پارەی كارمەند و جۆر و كوالیتی بابەتی جوانكاری، بەپێی ئەم شتانە رێكخستنی كاری ئەوان بكەین و نرخیان بۆ دابنێین.

بەگوتەی پارێزەرەكە، ئەم لیژنەیە كار لەسەر ئەوە دەكات رێكخستنێكی گونجاو بۆ كاری ئەم جوانكارییانە دابنرێت، بەپێی سیستمێك كە رەچاوی داهات و خەرجییان بكات و نرخی كاركردنیان دیار بكرێت، بۆ ئەوەی نە ئەوان و نە خەڵك زیانمەند نەبن.
هاوكات ئەیاد حەسەن عەبدولحەلیم سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك، بۆ "وشە"  گوتی، لەناو شاری دهۆك 186 ئارایشگە و سەنتەری جوانكاری هەن، بەشی زۆریان ئارایشگە و ئەوانەی تر سەنتەرن و هەموویان بەپێی رێنوێنییە تایبەتەكان مۆڵەتیان پێ دراوە.


وشە/دهۆك- دێژین سدقی



وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌