لە پێنجوێن بەرهەمهێنانی برنج پەرە دەستێنێت

:: AM:08:56:20/10/2019 ‌
ئەمساڵ نزیكەی 80 دۆنم زەوی كراوەتە مەرەزە

بەهۆی زیادبوونی ئاوی باران و كانی و چەمەكان، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەرهەمهێنانی چەڵتووك لە سنووری شارەدێی ناڵپارێز لە پێنجوێن زیادی كردووە. زۆرترین رووبەری بە چەڵتووك چێنراویش دەكەوێتە گوندی چەوتان كە بە برنجە بۆنخۆش و بەتامەكەی سەر ئاستی كوردستان ناسراوە. بەڵام جووتیاران هۆشداری دەدەن لەوەی بەناوی برنجی گوندەكەیانەوە، لە بازاڕ و ماركێتەكان، برنجی خراپ ساغ دەكرێتەوە.

عەتا خەڵەف جووتیار و خاوەنی زەوی بەراو بۆ مەرەزە لە گوندی چەوتان، بە"وشە"ی راگەیاند كە گوندەكەیان بە مەرەزە و برنج ناسراوە و ئەزموونی چاندنی برنج لەو گوندە بۆ دەیەی چلی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. 
ئەو دەڵێت "زۆری و كەمی بەرهەمی برنج، بەپێی كەمی و زۆری بارانە، واتە هەر ساڵێك ئەگەر باران و ئاوی چەم و كانییەكان زیاتر بێت، بەرهەمی ئێمەیش جوان و سروشتی و باشتر دەبێت"
عەتا داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەكات ساڵانە هاوكارییان بكەن بەدابینكردنی حەفارە بۆ پاككردنەوەی ئەو جۆگا ئاویانەی كە ئاو بۆ مەرەزە دابین دەكەن، چونكە هەموو ساڵێك لەسەر گیرفانی خۆیان، جۆگەكان بە بێڵ و خاكەناز پاك دەكەنەوە و كارەكە قورس و كاتی زۆر بەفیڕۆ دەدات.
لەو ناوچەیە ساڵانە لە مانگی ئادارەوە دەست دەكرێت بە چاندنی مەرەزە و لە مانگی ئایاریش بەدواوە پرۆسەی چاندن بەكۆتا دێت و خەڵك سەرقاڵی كاری ئاودان و بژاركردنی دەبن، لە مانگی تشرینی یەكەم دەست دەكرێ بە دروێنە و كۆكردنەوەی بەرهەم.
ئەو جووتیارە باسی لەوەش كرد كە گوندەكەیان لە بەرهەمهێنانی چەڵتووكی برنج پلەی یەكەمی هەیە لەسەر ئاستی پێنجوێن و بەرهەمی ئەمساڵیان نزیكەی 50 تۆن دەبێت. 

لە گوندەكەماندا نزیكەی 50 تۆن چەڵتووك بەرهەم هێنراوە

دووپاتی دەكاتەوە "بەرهەمەكە پڕ ئاوە و خاوێنترە لە ساڵانی رابردوو، لەم وەرزەدا كە پایزە تا كۆتایی مانگی 10 مەرەزە كۆتایی پێ دێت، چونكە ئیتر وەرزی باران دەست پێ دەكاتەوە".

دڵشاد سەركەوت یەكێكی ترە لەو كەسانەی لە گوندی چەوتان كاری مەرەزە دەكات، بۆ "وشە" گوتی، "ئەمساڵ كڕیاری زۆرمان بۆ هاتووە و نرخەكانیش لە ساڵانی رابردوودا خوارووی سێ هەزار دینار بووە، بەڵام ئەمساڵ لە سێ هەزار تا چوار هەزار دینار بۆ هەر كیلۆیەك بە چەڵتووكی فرۆشراوە، ئەوەش بەلامانەوە باشە و چەڵتووكێكی جوان و بێ دەرمان و كوت نەكراوە، بۆیە كڕیاری زۆرە".

لەلایەكی ترەوە قادر عەلی جووتیاری بەئەزموونی مەرەزە لە پێنجوێن، بۆ "وشە" رای گەیاند، ئێستە كە وەرزی پایزە، گێرە و درەوی مەرەزە دەستی پێ كردووە، هەرچەندە برنجی چەوتان ئەوەندە نییە بچێتە بازاڕ، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوانەی لە بازاڕ و ماركێت و سۆپەرماركێتەكان بەناوی چەوتانەوە دەیفرۆشن راست ناكەن، بەڵكو بەناوی برنجی چەوتانەوە دەیانەوێ خۆیان دەوڵەمەند بكەن، چونكە كڕیار دێنە گوندەكە و هەر لێرە برنجەكە دەكڕنەوە و ناچێتە بازاڕەوە.

لە بەرانبەردا سامان كەریم بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، وەك لایەنی پێوەندیداری كشتوكاڵ هەوڵی ئەوەیان داوە جووتیاران زیاتر پەرە بە بەرهەمی برنج بدەن، چونكە كەشوهەواكەی زۆر گونجاو و لەبارە. 

بەپێی ئامارەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، زۆرترین بەرهەمی برنج و كاری مەرەزە دەكەوێتە گوندەكانی سنووری شارەدێی ناڵپارێز و بۆ ئەمساڵیش نزیكەی 80 دۆنم زەوی كراوە و زۆرترینیشی لە گوندی چەوتانە، بەڵام ساڵی 2018 كەمتر لە 60 دۆنم زەوی مەرەزەی تێدا كراوە و رێژەی بەرهەمی چەڵتووكی برنج بریتی بووە لە 30 تۆن، واتە بەرهەمی 2019 زۆر لە 2018 زیاترە.

پێنجوێن 96 كیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە و شارەدێی ناڵپارێز كە نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە، بەهۆی بوونی مەرەزەیەكی زۆر لە گوندی چەوتان، ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە.

وشە/ رێبین پێنجوێنی






وشە - وشه‌