هۆكاری دواكەوتن لە ئامادەكردنی بوجەی 2020 ی عێراق ئاشكرا بوو

:: PM:07:13:20/10/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە دەكات كە دوو پرس بوونەتە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق بۆ پەرلەمان یەكێكیان ڕێكنەكەوتنی بەغدا و هەرێمە.
پشكی هەرێم و وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەران بەربەستن
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە لیژنەی دارایی، دوو بابەت بووەتە هۆی نەناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق بۆ پەرلەمان.

زیاتر گوتی، هۆكاری یەكەم ئەوەیە كە تا ئێستە شاندی هەرێم بۆ گفوگۆكردن و ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق نەهاتوونەتە بەغدا، ئەوەش بەهۆی پشێوی و خۆپێشاندانەكانی عێراق  بووە.

لە بارەی هۆكاری دووەم میرزا ئاماژەی كرد، بەشێك لە داواكاری خۆپێشاندەران پێویستی بە تەرخانكردنی بودجە هەیە، بۆیە حكوومەت دەیەوێ دەستكاری بودجەكە بكاتەوە و داواكاری خۆپێشاندەران بخاتە ناو بودجەكەوە و دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی بكات.

لەبارەی ئەوەی كە دۆخی بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق تا رادەیەك هێمنیان بەخۆیانەوە بینیوە، بۆچی شاندی هەرێم نایەتە بەغدا؟، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی گوتی، هێشتا دەنگی ئەوە هەیە خۆپێشاندانەكان لە 25ی ئەم مانگەوە دەست پێ بكەنەوە، بۆیە ئەگەر دەستیان پێ نەكردەوە شاندی هەرێم دێتە بەغدا.

سلمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل