له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو چوار ئاهه‌نگی ده‌رچوونی قوتابیانی زانكۆ له سنووری پارێزگای دهۆك به‌ڕێوه چوون و بڕیاره چه‌ند ئاهه‌نگی تریش ئه‌نجام بدرێن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكارێك كه بازاڕی گوڵفرۆشان گه‌رم بێت.
له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو به‌شی نیوه‌ی ئه‌مساڵ گوڵم فرۆشتووه
ئیسماعیل عومه‌ر له به‌رده‌م یاریگای یانه‌ی وه‌رزشی دهۆك گوڵ ده‌فرۆشێت و وه‌ك بۆ "وشه" باسی ده‌كات، ساڵانه له‌م وه‌رزه‌دا بازاڕێكی باشیان هه‌یه و ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان بۆ رێوڕه‌سمی ده‌رچوونیان زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان گوڵ ده‌كڕن.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی شاره‌وانی رێمان پێ نادات له نزیك زانكۆ و په‌یمانگاكان یاخۆ ئه‌و شوێنانه‌ی رێوڕه‌سمی لێ به‌ڕێوه ده‌چێت، گوڵ بفرۆشین، به‌ڵام ئێمه له چوارده‌وره‌ی شوێنی ئاهه‌نگه‌كه گوڵ داده‌نێین و خه‌ڵك دێن و وه‌ك دیاری بۆ ده‌رچووان ده‌یكڕن، ته‌نیا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو به‌شی نیوه‌ی ئه‌مساڵ گوڵم فرۆشتووه.
جیهاد شێخ عومه‌ر یه‌كێكی تره له گوڵفرۆشهكانی دهۆك و وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، رۆژانه چاوه‌ڕێی كه‌ناڵ و رۆژنامه و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له كوێ و كه‌ی ئاهه‌نگی ده‌رچوونی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگا هه‌یه، دواتر ده‌چینه ئه‌و شوێنه و دوایین مۆدێل و ره‌نگ و شێوه‌ی گوڵ ده‌فرۆشین.
دێژین عه‌بدولخالق كچێكی ده‌رچووی زانكۆیه و له‌لایه‌ن كه‌سوكاریه‌وه گوڵی به دیاری بۆ هاتووه و وه‌ك بۆ "وشه" ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، هه‌رچه‌نده گوڵ به‌های زۆر كه‌مه، به‌ڵام كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی مرۆڤ داده‌نێت به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ی چاوه‌ڕێی كه‌سوكارت پیرۆزباییت لێ بكه‌ن، پێم وایه بردنی گوڵ به‌دیاری ئه‌و ماندووبوونه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، له‌كاتی ئاهه‌نگی ده‌رچوونم نزیكه‌ی 10 جۆر و ره‌نگی گوڵم به دیاری بۆ هات.
هه‌فته‌ی رابردوو هه‌ریه‌كه له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك، زانكۆی دهۆك، زانكۆی زاخۆ، زانكۆی جیهان، په‌یمانگای ته‌كنیكی ئامێدی و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك ئاهه‌نگی ده‌رچوونیان گێڕا، بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه زانكۆی نه‌ورۆز و په‌یمانگای زاخۆ و چه‌ند زانكۆ و په‌یمانگای تریش ئاهه‌نگی ده‌رچوون بۆ قۆتابییهكانیان بگێڕن.
دهۆك، نه‌وزاد هلۆری