بەرهەمی ئەمساڵی هەنار دەگاتە سەرووی 50 هەزار تۆن

:: AM:09:28:21/11/2019 ‌

بەرهەمی ئەمساڵی هەنار بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڕێژەی بەرچاو زیادی كردووە و خاوەن باخەكانی هەنار باس لەوە دەكەن، هەنارێكی زۆریان بەرهەم هێناوە و ئەمساڵ بە ساڵی هەنار ناو دەبەن. وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، بەرهەمی ئەمساڵ دەگاتە سەرووی 50 هەزار تۆن.

عەلی كەریم كە خاوەنی باخی هەنارە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی هەنار زۆر بووە و لە تەواوی ناوچەكان هەنارێكی زۆر بەرهەم هاتووە. پێی وایە لەگەڵ ئەوەی بەرهەمێكی زۆری هەنار لە بازاڕ هەبووە، نرخەكەی زۆر هەرزان بووە و جووتیار سوودی لە زۆریی بەرهەمەكە وەرنەگرتووە.

عەلی بەنیاز بووە هەنارەكەی بەساغی بفرۆشێت و بۆ ئەو مەبەستەش كڕیارێكی هێناوەتە سەر باخەكە، بەڵام تەنیا 100 هەزار دیناری داوە بە تەواوی بەرهەمەكانی كە سەرووی 500 كیلۆ بووە، بۆیە ئامادە نەبووە بەو نرخە هەنارەكە بفرۆشێت، بڕیاری داوە هەنارەكانی بڕنێت و بیتەكێنێت و بیكات بە ڕووبەهەنار و لەو ڕێیەوە سوود لە بەرهەمی هەنارەكەی وەربگرێت.

ئەمساڵ بەشی زۆری باخدارەكان بەهۆی ئەوەی بەرهەمی هەنارەكەیان لە بازاڕ پارەی نەكردووە و لە عەلوە كیلۆی 300 دیناریان پێ داوە، لە بازاڕیش ئەگەر خۆت ساغی بكەیتەوە هەر 500 دینار دەكات، بۆیە بە ناچاری هەنارەكەیان ڕنیوە و كردوویانە بە ڕووبەهەنار، چونكە باشترین جۆری ڕووبەهەنار كیلۆی بە هەشت هەزار دینارە.
زۆریی خستنەڕوو نرخەكەی دابەزاندووە

وەك ئەم جووتیارە ئاماژەی پێ كرد، لە ماوەی 10 ڕۆژدا توانیویانە تەواوی هەنارەكان بڕنن و دایتەكێن و ئاوەكەی بگرن، دواتر بیخەنە سەر ئاگر و بۆ ماوەی پێنج بۆ حەوت سەعات ئاوی هەنارەكە دەكوڵێت تا خەست دەبێتەوە، دواتر دەكرێتە ناو بوتڵ و دەخرێتە بازاڕەوە. ئەو جووتیارە 50 كیلۆ رووبەهەناری بەرهەم هێناوە و بەشێكیشی بە خزم و كەسوكاری بەخشیوە.

سیروان ئەحمەد باخەوانێكی ترە و پێی وایە، داتەكاندنی هەنار كارێكی قورسە و هیلاكبوونی دەوێت، بە چەند قۆناغێك كارەكە ئەنجام دەدرێت، سەرەتا پێویستی بە چەند كەسێكە هەنارەكە بە دارەكەوە بڕنن و دواتر كۆی بكەنەوە و بیبەنە شوێنی دیاریكراو، دواتر دەنكەكانی كۆ بكرێنەوە و پاك بكرێنەوە و لە ڕێی گوشینەوە ئاوەكەی بگیرێت .

سەروەر عەلی بەرپرسی سەندیكای كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی به "وشه"‌ی راگەیاند، ئێستە نرخی هەنار لە عەلوەی سلێمانی لە جۆرە هەرە باشەكەی، كیلۆی بە 300 بۆ 400 دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت، لە بازاڕیشدا كە ساغ دەكرێتەوە یان دەفرۆشرێت، بڕێكی كەم پارەی دەخرێتە سەر، وەك ئەوەی هەیە كیلۆی هەنار بە 500 دیناره ‌و ئەگەر زۆر پارەی بخرێتە سەر، كیلۆ و نیوێك بە هەزار دینارە، بەڵام دووكاندار هەیە زۆر پارەی دەخاته ‌سەر. هۆكارێكی تری هەرزانی هەنار پێوەندی بەوەوە هەیە كە هەنار ئێستە ناچێت بۆ باشوور و ناوچەكانی عێراق.

حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سیاسەتی وەزارەتی كشتوكاڵ هەمیشە بەو جۆرە بووە كە پاڵپشتی لە هەموو جۆرە بەرهەمێكی ناوخۆ بكات، بەپێی دەسەڵاتەكانی كە بڕیاردانە لە ڕێگری لە هاوردەكردن، توانیویەتی پاڵپشتی جووتیاران بكات.

بە بۆچوونی ئەم بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ، هێشتا نەتوانراوە بەرهەمی هەنار هەناردەی دەرەوە بكرێت، بەڵام ئێستە كەسێك كە خۆی خاوەنی باخێكی زۆری هەنارە و بەرهەمێكی زۆری هەیە، خەریكی ڕێكارەكانە بۆ ئەوەی دەست بە ناردنی هەنار بكات بۆ دەرەوەی كوردستان، پێشبینیش دەكات لە داهاتوودا هەناری هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت.

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە هاوردەی هەنار بۆ كوردستان قەدەغە كراوە، مەبەستی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆ ساغ بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرهەمێكی زۆری هەنار هەیە، خستنەڕوو لە خواست زیاتر دەبێت و لەوكاتەشدا نرخەكەی دادەبەزێت.
بەپێی ئامارێك كە ئەم بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ خستیەڕوو، ئەمساڵ سەرووی 25 هەزار تۆن هەنار لە ڕێی عەلوەكانەوە تۆمار كراوە، بەڵام زۆر زیاتر لەو بڕە نەهاتووەتە عەلوە و لە دەرەوە فرۆشراوە، بەگشتی بەرهەمی ئەمساڵی هەنار سەرووی 50 هەزار تۆن دەبێت.

وشە/راپۆرتی هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌