پەرلەمانتارێك پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق ئاشكرا دەكات

:: PM:07:56:04/12/2019 ‌

لە ماوەی رابردوودا شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و دواتر گەیشتنیان بە رێككەوتن لەبارەی پشك و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی 2020ی عێراق لەگەڵ بەغدا راگەیاند، پەرلەمانتارێكی عێراق پشكی كورد لە رێككەوتنی شاندەكە و بەغدا ئاشكرا دەكات.
هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆ هەناردە دەكات
حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، شاندی كورد كە سەردانی بەغدای كرد لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ رێككەوتووە بە پابەندبوونی هەرێم بە هەناردنی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتیمانی لە سەرەتای ساڵی نوێوە.

زیاتر گوتی، شاندی هەرێم داوای كردبوو بەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2020ی عێراق 14% بێت، بەڵام رێككەوتننەكە لەسەر ئەوە كراوە پشكی هەرێم 12.7% بێت، روونی كردەوە، شاندی هەرێم بە 12.7% وەك پشكی هەرێم رازی بووە لە بەرانبەر بردنی نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و نیوەكەی تر رەوانەی بەغدا بكرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان گفتوگۆ لەبارەی دوایین ئەنجامەكانی گفتوگۆی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی  2020 كرا و ئەنجوومەنی‌ وەزیران دووپاتی‌ لە پابەندبوونی هەرێم بە داكۆكیكردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل