كاریگەریی خۆپێشاندانەكان دەگاتە سەر كەرتی نەوتی عێراق

:: PM:04:41:21/01/2020 ‌

دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق، چاودێران وریاییان لەوە دا كە مەترسیی گەورە هەیە كاریگەریی خۆپێشاندانەكان بگاتە كەرتی نەوتی عێراق و خۆپێشاندەران دەست بۆ كێڵگە و دامەزراوەكانی نەوت ببەن، هەواڵەكان باسی تەقینەوەی لوولەیەكی نەوت لە زیقاڕ و كشانەوەی كۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی لە كەركووك دەكەن.
مەترسی لەسەر كەرتی نەوتی عێراق هەیە
عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئۆپێك لە بەرهەمهێنانی نەوت كە سەرچاوەی سەرەكیی داهات و بودجەكەیەتی، زۆرینەی ئەو نەوتی لە عێراق بەرهەم دێت، لە كێڵگەكانی باشووری وڵاتن و هەر لە رێگەی بەندەرەكانی بەسڕە دێتە فرۆشتن، ئێستە خۆپێشاندانەكان شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە و بەهۆی فەرامۆشكردنی داواكانیان لەلایەن حكوومەت و هێزە سیاسییەكانەوە، ئەگەری زۆر هەیە خۆپێشاندەران وەك گوشارێك روو لە دامەزراوە نەوتییەكان بكەن.

وەك لە ماڵپەڕی كەناڵی "ئار تی"ی رووسیدا هاتووە، لوولەیەكی گواستنەوەی نەوت لە پارێزگای زیقاڕ لە باشووری عێراق دووچاری تەقینەوە هاتەوە و ئاگری تێبەربوو، تیمەكانی ئاگركوژاندنەوە روویان تێی كرد بۆ كوژاندنەوەی، لەوكاتەی خۆپێشاندەران رێگەی نێودەوڵەتی پارێزگاكەیان بە ئاراستەی بەغدا داخست و رێگریان لە هاتوچۆی بارەبەرەكان كرد.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە كۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی لە كێڵگەیەكی نەوتی كەركووك پاشەكشەی كردووە، ئەوەیش دوای كۆتاهاتنی پرۆسەی گەڕان بەدوای یەدەگی نەوت بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار بێ گەیشتن بە رێككەوتن بۆ فرەوانكردنی كێڵگەكە، كە بە گورزێك بۆ پلانی زیادكردنی بەرهەمهێنان لەو كێڵگە دادەنرێت.    

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو كۆمپانیا بەریتانییە لە مانگی رابردووەوە بە حكوومەتی عێراقی راگەیاندووە بەوەی كارمەندەكانی لەو كێڵگە نەوتییە پاشەكشە پێ دەكات، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك كۆمپانیای بواری وزەی رۆژئاوا دەستیان كرد بە هەڵسەنگاندنی كارەكانیان لە عێراق بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی لەو وڵاتە هەن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی ئەو وڵاتە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل