سه‌رچاوه ته‌ناهییه‌كانی عێراق دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه چالاكێكی خۆپێشاندانه‌كان و شێخی عه‌شیره‌تی ئال حه‌مید ته‌رمه‌كانیان به كوژراوی له ماڵه‌كانیان دۆزرایه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان به پێگه‌ی "ڕووسیا ئه‌لیه‌وم"یان ڕاگه‌یاندووه، كه دوای چه‌ند ڕۆژێك له ڕفاندنی كارمه‌ندی په‌روه‌رده و چالاكی خۆپێشاندانه‌كان ئه‌مڕۆ هه‌ینی ته‌رمی "عه‌بدولعه‌زیم سه‌وادی" له به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆی له شارۆكه‌ی غه‌ماسی باشووری دیوانییه دۆزرایه‌وه و شوێنه‌واری ده‌یان چه‌قۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی بوونی هه‌بوو و به چه‌قۆ كوژراوه.
تاوان زۆر ده‌بێ و تاوانباران شاراوه‌ن
له‌لایه‌كی تره‌وه،
سه‌رچاوه‌كان له زیقاڕ ڕایان گه‌یاند، كه شێخی عه‌شیره‌تی ئال حه‌مید له پارێزگای زیقاڕ، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له ماڵه‌كه‌یان دراونه‌ته به‌ر چه‌قۆ و هه‌ردووكیان كۆتایی به ژیانیان هێنراوه.
تا ئێسته هێزه‌كانی ته‌ناهیش هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان له‌سه‌ر هۆكاری ئه‌و دوو ڕووداوه و ئه‌و تیمه چه‌قۆوه‌شێنه نه‌داوه له هه‌ردوو پارێزگاكه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه ڕووداوه‌كانی توندوتیژی و هێرش بۆ سه‌ر خۆپێشانده‌ران و چالاكان و كه‌سایه‌تییه‌كان درێژه‌ی هه‌یه و له‌لایه‌ن گرووپی چه‌كدار و چه‌ته‌وه هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵی كه‌سایه‌تییه‌كان و كۆتایی به ژیانیان ده‌هێنن.
تا ئێسته‌یش هیچ یه‌كێك له تاوانبارانی دۆسیه‌ی كوشتنی كه‌سایه‌تی و چالاكانی خۆپێشانده‌ران و ڕفاندنیان نه‌گیراون و پۆلیس و هێزه‌كانی ته‌ناهیش ده‌سته‌وه‌ستانن و زۆربه‌ی خۆپێشانده‌ران و چاودێرانیش له‌و بڕوایه‌دان كه گرووپه میلیشیاكانی نزیك له كۆماری ئیسلامی ئێران له پشت ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌ن.