كۆرۆنا زیانی پێنج تریلیۆن دۆلاری لە بازاڕەكان دا

:: AM:09:31:29/02/2020 ‌

لە ژێر كاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بازاڕی پشكەكان لە هەرسێ كیشوەری ئەوروپا، ئەمەریكا و ئاسیا بە رێژەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كرد و لە یەك رۆژدا پێنج تریلیۆن دۆلار لە بەهای پشكەكانی كۆمپانیاكان دابەزی.

لەوەتەی ساڵی 2008وە زیانی ئاوا گەورە بەر بازاڕی پشكەكان نەكەوتووە. ئەم زیانە لە دواین رۆژی بازاڕی بۆرسە تۆمار كرا كە چەند سەعاتێك لەمەوبەر داخرا.

كۆرۆنا بە هەزاران كەسی كوشتووە و بە دەیان هەزاری تری تووش كردووە. لە 55 وڵاتی دنیا بڵاو بووەتەوە و سێبەری ئەو ترسەش باڵی بەسەر كەرتی پیشەسازی و ئابووری دنیادا هێناوە.

وەبەرهێنەران لە ترسی ئەوەی كاریگەرییەكانی ئەو ڤایرۆسە لە بازاڕەكانی دنیا زیاتر ببێت، پارەكانیان لە بازاڕی بۆرسە دەكێشنەوە.
زۆر لە وەبەرهێنەران لە ترسی ئەوەی كاریگەرییەكانی ئەو ڤایرۆسە لە بازاڕەكانی دنیا زیاتر ببێت، پارەكانیان لە بازاڕی بۆرسە دەكێشنەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" دوێنێ هەینی یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كیشوەری ئەفریقاش تۆمار كرا، پیاوێكی ئیتاڵی كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە لەگەڵ سەردانی بۆ نایجیریا، ڤایرۆسەكەی گواستووەتەوە.

ئەگەر ڤایرۆسەكە لە ئەفریقا تەشەنە بكات، بازاڕەكانی ئەم كیشوەرەش هاوشێوەی كیشوەرەكانی تر كاریگەریی خراپ وەردەگرن.



وشە - سلێمان تاشان