به‌وێنه‌.. هاووڵاتیانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ جیاتی حكوومه‌ت پرۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن

:: PM:09:45:17/10/2016 ‌
دانیشتووانان و خەڵكی گوندی هەسنان لە سنووری شارۆكەی سۆران لەسەر ئەركی خۆیان هەڵساون بە نۆژەن كردنەوە و چەورێژ كردنی رێگەی سەرەكی گوندەكەیان، كه‌ پڕۆژەكە لە واری جێبەجێ كردندایەو زیاتر لە 60 ملیۆن دینار تێچووی پڕۆژەكەیە".

ئومێد قادر كە پیشەی مامۆستایە و دانیشتووی گوندی هەسنانە بە " وشە "ی راگەیاند" بەهۆی خراپی رێگای سەرەكی گوندەكەمان بە تایبەت لە وەرزی زستان و دروست بوونی قوڕٍ و چڵپاو و ئاستەنگی هاتووچۆ، وەكو خەڵكی گوندی هەسنان  لەسەر ئەركی خۆمان هەڵساوین بە دروست كردن و چەورێژ كردنی رێگای سەرەكی گوندەكەمان . 

ناوبراو زیاتر گووتی" لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا لەلایەن خێرخوازێك بە هەماهەنگی لەگەڵ خەڵكی گوندەكەمان، دەستیان كرد بە چاككردن و بەرفراوانكردنی ڕێگای گوندەكەمان، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك نەتوانرا بە یەكجاری چەوڕێژ بكرێت و سەرجەم كەم و كۆڕییەكانی ریگاكەمان چارەسەر بكرێن، بۆیە لەسەر ئەركی خۆمان هەڵساوین بە چەو رێژ كردنی رێگای سەرەكی گوندەكەمان بە درێژای نزیكەی 3كم، وەكو خەڵكی گوند لە نێوخۆماندا زیاتر لە 60  ملیۆن دینارمان كۆكردۆتەوە و رێگای سەرەكی گوندەكەمان پێ نۆژەن دەكەینەوە.

گووتیشی" ماوەی چەند رۆژێكە دەستمان بە كار كردن كردوە و كەسانی شارەزا سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكەن و رۆژانە لە پڕۆژەكە خەریكی كاركردنین و تەواوی ئامێرە پێویستەكان وەك " شۆفەل، قەلابە، عەفارەو تانكەری ئاو و چەند ئامێری تر " پڕۆژەكە لەواری جێبەجێ كردن و لە قوناغی كۆتایدایە و  لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواو دەكرێت.

محەمەد هەسنانی چاڵاكوانی مەدەنی و خەلكی گوندی هەسنان بە " وشە "ی راگەیاند" دوای ئەوەی رێگەی سەرەكی گوندەكەمان ماوەی دووساڵە پڕۆژەی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی تەنگەژەی دارایی نەتوانرا تەواو بكرێت، بۆیە  دەستمان كرد بە دروستكردنی ئەنجومەنێك و كۆكردنەوەی داهاتێك لەناو خۆمانداو چەند ئامێرێكمان دابین كرد و لە 13-10-2016 دەست بەكاری چاككردن و چەورێژ كردنی ڕێگەكە كراوە و تا ئێستەش ئیشكردنی تێدا بەردەوامەو كارەكان بەشێوەیەكی رێك و پێك بەڕێوە دەچن.

رێگای گوندی هەسنان ساڵی 1985 لەلایەن حكومەتی عێراق بە درێژای 10 كم لە سۆران تا هەسنان دروست كراوە و تا بە ئێستا هیچ كات نۆژەن نەكراوەتەوە و یەكەمینجارە نۆژەن دەكرێتەوە، ئەویش دوور لە دەستی حكومەت لەسەر ئەركو خەرجی هاووڵاتییان و دانیشتوانانی گوندەكە پڕۆژەی نۆژەن كردنەوەی رێگای سەرەكی هەسنان بە زیاتر لە 60 ملیۆن دینار لە جێبەجێ كردندایە. 

گوندی هەسنان دەكەوێتە بناری چیای حەسەنبەگ نزیكەی 80 ماڵە لەو گوندە نیشتەجێیە و رێژەی دانیشتوانانی گوندەكە 530 كەس دەبێت و هەموویان خزم و كەسی یەكترن، لە رووی كارگێڕیەوە هەسنان سەر بە شارەدێی دیانایە لە شارۆكەی سۆران، دانیشتوانانی زیاتر خەریكی كاری كشتووكاڵی و ئاژەڵدارین لەگەڵ ئەمەشدا بەشێك لە دانیشتوان موچە خۆری حكومەتن. 




سۆران – موڕشید برادۆستی


وشە - عه‌لی سدیق