واژوو لەسەر ناردنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان كرا

:: AM:09:48:24/03/2020 ‌
لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری عێراق، واژوو لەسەر ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە.

 بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەلایەن وەزیری دارایی عێراق واژوو لەسەر ناردنی بەشە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە.

تەنیا چەند كارێكی رۆتینی ماوە و لەچەند رۆژی داهاتوو تەواوی پارەكە رەوانە دەكرێت
ئەمڕۆ سێشەم 24ـی ئادار، فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، تەنیا چەند كارێكی رۆتینی ماوە و لەچەند رۆژی داهاتوو تەواوی پارەكە رەوانە دەكرێت.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوای تەنگژەی دارایی پشت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن، دەبەستێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ساڵی 2019 پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و مووچە ئاسایی بووەوە و رۆژی پێنجی هەموو مانگێك دەست به دابەشكردنی دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد