نرخی دۆلار بەرز بووەوە

:: PM:02:11:01/04/2020 ‌
نرخی دۆلار بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە بازاڕەكانی گۆڕینەوەی دراو بەرز بووەوە، دوایین نرخیش بۆ هەر 100 دۆلارێک لە 126 هەزار دینار نزیك دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەیەکی دراو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆوە نرخی دۆلار ڕوو لە بەرزبوونەوەیە و هۆكارەكەشی نادیارە.

لە دهۆك و سلێمانی كراوە بوون
ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، ئەمڕۆ شوێنەكانی دراو گۆڕینەوە لە هەولێر بەهۆی ڕێكخستنەوە بەشێكیان نەكراونەتەوە، بەڵام لە دهۆك و سلێمانی كراوە بوون.

باسی لەوەش كرد، لە سەعات یەك و 45 خولەك 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 125 هەزار و 750 دینار فرۆشراوە، 100 دۆلار بە 125 هەزار و 250 دینار لەلایەن نووسینگەكانەوە كڕاون.

ڕوونی كردەوە، بەرزبوونەوی نرخەكە بەو شێوەیە چاوەڕوان نەكراوە و هۆكارەكەشی نادیارە.

بەپێی ڕێنوێنییەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا هەفتانە دوو ڕۆژ بازاڕەكانی دراو گۆڕینەوە كراوە دەبن.



وشە - رامیار جەواد