بۆ بەرزبوونەوەی نرخ ئەمەریكا بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكاتەوە

:: AM:11:29:07/04/2020 ‌
ئەمەریكا بەرهەمهێنانی نەوتی كەم كردەوە و چاوەڕوانە سعوودیە و رووسیاش لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپیك لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەنە رێككەوتن. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەژێر گوشاری ئۆپیك بووبێت.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بە كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریكی كرد و رای گەیاند، ئۆپیك داوای لێ نەكردووە و گوشاریشی نەخستووەتە سەر بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە مەبەستی پشتگیریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

زیاتر گوتی، "لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپیك بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك، هەر روو دەدات، بەڵام هیچ كەس داوای لە ئێمە نەكردووە بەرهەمهێنان كەم بكەینەوە".
 
دۆناڵد ترەمپ: ئۆپیك داوای نەكردووە و گوشاریشی نەخستووەتە سەرمان بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی پێشتری "رۆیتەرز"، سێ سەرچاوەی ئاگادار دووپات لەوە دەكەنەوە كە وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنی نەوت، رووسیا و سعوودیە بەتایبەت، لە كۆبوونەوەی پێنجشەمی داهاتوو ئەگەری زۆرە لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەنە رێككەوتن، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریكاش وەك وڵاتێكی زلهێزی بەرهەمهێنی نەوت بەشداری لەم كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بكات كە رۆژانە سەرووی 10 ملیۆن بەرمیل دەخاتە بازاڕەكان.

 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی لەسەر كارگە و پیشەسازییە زەبەلاحەكانی دنیا، خواست لەسەر نەوت بەڕێژەی 30% دابەزیوە، ئەمەش وایكرد نرخی نەوتی بۆ كەمتر لە 20 دۆلار بۆ بەرمیلێك دابەزێت.

دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری گەورەی لەسەر سێكتەری نەوتی ئەمەریكا هەیە، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی كێڵگە نەوتییەكانی ئەمەریكا، كێڵگەی نەوتی بەردین، بەوپێیەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا بە بەراورد بە سعوودیە و عێراق و زۆر لە وڵاتانی تر، زۆر بەرزە، ئەمەش مەترسی لەسەر ئیفلاسبوون و هەرەسهێنانی سێكتەری نەوتی ئەمەریكی دروست كردووە كە هۆكاری سەرەكی بانگەوازی سەرۆكی ئەو وڵاتە بوو بۆ كەمكردنەوەی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.



وشە - فه‌رمان سادق