زێڕ بۆ بەرزترین نرخی هەشت ساڵی رابردوو هەڵكشا

:: AM:11:39:16/05/2020 ‌

نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و دوای ئەوەی لە مانگەكانی كانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ جێگیر بووبوو، دوو مانگە بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا  و بەهای زێڕیش بەرزترین نرخی لەوەتەی ساڵی 2012ەوە تۆمار كرد. بەگوێرەی dailyfx هەر ئۆنسێك لە زێڕی 24 عەیار بە هەزار و 741 دۆلار و 50 سەنت داخرا.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە 80 دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ هەڵكشاوە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە 80 دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ هەڵكشاوە، مانگی رابردووش سەرووی 100 دۆلار لە نرخی زێڕ هەڵكشابوو.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە واتای بەرزبوونەوەی بەهای سەرجەم جۆرەكانی زێڕە لە بازاڕەكانی دنیا، لە بازاڕەكانی كوردستانیش نرخی زێڕ هەڵكشا.

 كارزان وەفیق زێڕنگر و بریكاری كۆمپانیای krnb  بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە كوردستان مسقاڵی زێڕی 24 عەیار بە 355 هەزار دینار دەفرۆشرێت. هاوكات زێڕی 21 عەیار بە 300 هەزار دینار و 18 عەیاریش بە 245 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

ئەو روونی كردەوە، بەرزیی نرخی زێڕ وای كردووە هاووڵاتییان زیاتر زێڕەكانیان بفرۆشن نەك بكڕن، هۆكاری ئەمەش ئەگەر لە لایەك بۆ گرانیی زێڕ بگەڕێتەوە، لە لایەكی تر بۆ ئەو تەنگژە داراییە دەگەڕێتەوە بەربینگی كوردستان و هاووڵاتییانی گرتووە.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێ كە نالەباریی دۆخی ئابووری دنیا بەهۆی كۆرۆناوە وایكردووە وەبەرهێنەران زیاتر روو لە كڕینی زێڕ بكەن، چونكە سامانێكی متمانە پێكراوە. كەم نین ئەو وەبەرهێنەر و دەڵەمەندانەی بەهۆی دابەزینی پشكەكانیان یان داخرانی بازاڕەكان، زیانێكی زۆریان بەركەوت و لە دۆخێكی لەم شێوەیەش تەنیا زێڕە دەتوانێ ببێتە هۆی پاراستنی سەرمایەی وەبەرهێنەران.

بەرزیی داخوازیش لەسەر هەر كاڵایەك دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بۆیەش ئەم رۆژانە زێڕ پارەیەكی زۆر دەكات.



وشە - سلێمان تاشان