دوایین زانیاری لەبارەی دابەشكردنی مینحەی فریاگوزاری

:: PM:06:45:16/05/2020 ‌

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بڕێك پارە بۆ دابەشكردنی بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكان دابین كرا، بۆ ئەو مەبەستەیش فۆڕمێكی ئەلیكترۆنی پڕ كرایەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوایی زانیاری لەوبارەوە ئاشكرا دەكات.
زیاتر لە 11 ملیۆن كەس دەیانگرێتەوە
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی پلاندانان هەموو رێوشوێنەكانی تەواو كرد و پرسەكە رەوانەی بانكی ناوەندی كراوە، بەو پێیەی حیسابەكە لە بانكی ناوەندییەوە كراوەتەوە، هەروەها وەزارەتی داراییش پارەی پێویستی بۆ پرۆسەكە تەرخان كرد، وەك زانیومانە ئەمڕۆ نامە گەیشتووەتە ئەو كەسانەی دەیانگرێتەوە بۆ وەرگرتنی.

لە بارەی میكانیزمی دیاریكردنی خێزان كەمدەرامەتەكان كە خەڵكانێك رەخنەیان لێی گرت، زیاتر گوتی، ئێمە میكانزیمی ترمان لەپێش نەبوو بۆ پشتبەستن پێوەی، ئەویش دابەشكردنی فۆڕمێكی ئەلیكترۆنی كە داوای چەند زانیارییەكی تیادا كرابوو، مەرج هەبوو بەوەی پێشكەیشكار كەسێك لە ئەندامانی خێزانەكەی فەرمانبەر یان خانەنشین یان كەسانی دەوڵەمەند و بازرگان نەبێت، دوای تەواوبوونی قۆناغی پێشكەیشكردن و لێوردبوونەوە ژمارەی ئەوانەی دەیانگرێتەوە گەیشتە سەرووی 11 ملیۆن كەس.

لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە، هینداوی دووپاتی كردەوە، هەمان شێواز و میكانزیمی پارێزگەكانیتری عێراق دەیانگرێتەوە و بەهەمان شێوە نامە دەگاتە ئەوانەی مینحەكە دەیانگرێتەوە و دەتوانن بەو كۆدەی بۆیان رەوانە كراوە، سەردانی نووسینگەكانی ئالوگۆڕی دراو و خەرجكردن بكەن لە ناوچەكانیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل