نرخی نەوت گەیشتە نزیكەی 39 دۆلار

:: AM:09:46:02/06/2020 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لە دووەم رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسە بە هێمنی بەرەو هەڵكشان دەچێت.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ سێشەم لە چەند سەعاتی یەكەمی هەفتەبازاڕی بۆرسە، كەمێك لە بەهای نەوت هەڵكشاوە و ئەو هەڵكشانەش دوای ئەوەی دێت كە دوێنێ دووشەمیش سەرووی نزیكەی دۆلارێك لە نرخەكەی بەرز بووەوە و هەفتەی رابردووش پێنجەم هەفتەی لە هەڵكشانی نرخی تۆمار كرد.

كۆتایی هەفتەكە هەر بەرمیلێك نەوت بە 37 دۆلار و 64 سەنت داخرابوو، بەڵام ئێستە بە 38 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت. هەر ئەمڕۆ نەوت 38 دۆلار و 80 سەنتیشی تۆمار كرد كە بەرزترین نرخە لە دوو مانگ و نیوی رابردوو تۆمار كرابێت.

هاوكات نرخی نەوتی تێكساسیش كە هەفتەی رابردوو  بە 35 دۆلار و 19 سەنت داخرابوو، ئێستە بە 35 دۆلار و 62 سەنت دەفرۆشرێت.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە كە لە مانگی ئایاردا  نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار كرد. نەوتی ئەمەریكا بۆ سفر دابەزی و فرۆشیاران لە بری فرۆشتنی نەوتەكەیان، بڕێك پارەشیان بە كڕیار دەدا. هاوكات نەوتی برێنتیش بۆ خوارووی 16 دۆلار دابەزیبوو.

رێككەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كە ئەمەریكا و رووسیا و سعوودیە رۆڵیان تێیدا هەبوو، هۆكار بوو لەوەی نرخەكە بەرز ببێتەوە، چونكە بڕیاریان دا بە رێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و رێككەوتنەكەش لە سەرەتای ئایارەوە جێبەجێ كراوە، بۆیەش لەم مانگەدا بەهای نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا.

بڕیارە رۆژی پێنجشەم ئۆپێك پڵاس بە ڤیدیۆ كۆنفرانس كۆبوونەوەیەك گرێ بدات.
بڕیارە رۆژی پێنجشەم ئۆپێك پڵاس بە ڤیدیۆ كۆنفرانس كۆبوونەوەیەك گرێ بدات. پێشتر بڕیار بوو لە مانگەكانی پێنج و شەشدا نۆ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل كەم بكرێتەوە و دواتر كەمێك زیاد بكرێ، بەڵام سعوودیە گوتوویەتی تا كۆتایی ساڵ لەسەر هەمان پلان بەردەوام دەبێت كە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ بازاڕی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان