بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكوومەت لای سەرمایەدارە قەرزارەكان، چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت و حكوومەت مافی خۆیەتی.
ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیران، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەت لە یاسای چاكسازی بڕیارە قەرزی كۆمپانیاكان وەربگرێتەوە، چونكە یاسای لەبارەوە دەركراوە و ڕێنوێنیش دەرچووە.
چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت و حكوومەت مافی خۆیەتی
بڕیاردەری لیژنەی دارایی گوتی، بەهۆی ئەو تەنگژەیەی هەیە، ئەوەی حكوومەت لە سەرمایەداران و قەرزارانی حكوومەت داوای دەكات، داوای هاوكاری نییە، بەڵكو مافی خۆیەتی و دەبێت قەرزەكان بۆ حكوومەت بگەڕێنرێتەوە، چونكە چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت و حكوومەت مافی خۆیەتی.
باسی لەوەش كرد، حكوومەت لەو كاتە ئەو پارەیەی وەری دەگرێتەوە، بۆ ئەوەیە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، هەروەها لە وەرگرتنی ئەو قەرزانە هەقی خۆیەتی و لەو كاتە پێویستی بەپارەیە جا هەر كۆمپانیا و شوێنێك بێت.
بڕیارە بەمنزیكانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بكات بە وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لەلای سەرمایەداران و وەبەرهێنەران كە بڕە پارەیەكی زۆرە.