"تیرۆریستان و هێزە سیاسییەكان سوود لە مەزادی دراوی بیانی عێراق دەبینن"

:: PM:04:30:02/06/2020 ‌

مەزادی دراوی بیانی بانكی ناوەندی عێراق بۆ فەراهەمكردنی دراوی بیانییە، بەتایبەتی دۆلاری ئەمەریكی بۆ هاووڵاتییان و مامەڵە بازرگانییەكان و پارێزگاریكردن لە نرخی دراو و بەدەستهێنانی وشەكە پارەی ناوخۆییە بۆ حكوومەت، كەچی لە عێراق حزب و لایەنە سیاسییەكان لە رێگەی بانك و كۆمپانیاكانیان سوود لەو مەزادە دەبینن و سپیكردنەوەی پارەیشی تیادا روو دەكات، پەرلەمانتارێكی عێراق چەند زانیارییەك لەوبارەوە ئاشكرا دەكات.
174 هەزار موڵكی حكوومەت بە نووسراوی ساختە دزراون
ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی روونی كردەوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەم لەو بابەتە، گەیشتمە ئەنجامی سەرسوڕهێنەر، لەوانە گەیشتنی پارە لەو رێگەوە بەدەستی تیرۆریستان و بەشێكیتریشی بۆ دەستی هێزە سیاسییەكان، بە گشتی پارەكەی بۆ چوار شوێن دەچێت، بەشێك لە فەرمانبەرانی بانكی ناوەندی، بەشێكی بۆ حزبەكان و بەشێكی تریشی بۆ بازرگانان و چوارەمیش بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر.

بەپێی قسەی شارەزا و چاودێرانی عێراقی، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو زیاتر لە 300 ملیار دۆلار لەو مەزادە فرۆشراوە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی پشێوییەكی گەورە لە دانانی بودجەكانی عێراق و رێكخستنی خەرجی و داهاتەكانی دەكات، بەشێوەیەك لە 2003ەوە تا كۆتایی  2019، نزیكەی 70 ملیار دۆلار كورتهێنان هەیە، جیا لەوە لە 2012ەوە 35 ملیار دۆلار بە كۆمپانیاكان لە چوارچێوەی مۆڵەتی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان دراوە و هیچیش نەكراوە، هەروەها دەركەوتووە 90%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە، كە لە رووی سیاسییەوە پارێزراون.

لەبارەی گەندەڵی لە موڵكوماڵەكانی حكوومەت، تەمیمی روونی كردەوە، تا ئێستە دەوڵەت بە ژمارەی تەواوی موڵكوماڵەكانی نازانێت، كە ژمارەیەكیان بە نووسراوی ساختە دزراون و ژمارەیان 174 هەزارە كە خاوەنداریەتیان بۆ تایبەت گوازراوەتەوە، جیا لەوە تۆماری ونبوویش هەیە كە هەریەكەیان 300-400 موڵكی تیادا تۆمار كراوە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل