"پێویستە داواكاری گشتی بەدواداچوون بۆ هاتنی پارەكە بكات"

:: PM:08:40:04/06/2020 ‌

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان لە بارەی ناردنی دەیان ملیار دۆلار و بڕێكی زۆر زێڕ بۆ سلێمانی دەڵێت، ئەو پارەیە ئەگەر بۆ هاوكاری حكوومەت بوایە، بە فەرمی حكوومەت قسەی لەسەر دەكرد، بەڵام بۆ پارێزگاكە و لایەنێكی دیاریكراو بووە و هیچ سوودێكی ئابووریشی بۆ سنوورەكە لێ وەرنەگیراوە.
زیانی بۆ هەرێم دەبێ لەسەر حیسابی لایەنێك
ئەمڕۆ پێنجشەم، چواری حوزەیران، نەوزاد شێخ كامل، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر بڕە پارەیەك ئەگەر بە شێوەی نافەرمی هاتبێتە ناوخۆ، لە رووی ئابووریەوە بە سەرمایەگوزاری حساب ناكرێت، بەڵكو سەرمایەیەكە لە دەست هەندێك كەس بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاری دێنن، ئەو بەرژەوەندییە تایبەتەیش ناچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی میلەت و وڵات.

روونی كردەوە، هاتنی ئەو بڕە پارەیە فەرمی نەبووە، ئەگەرنا حكوومەت قسەی لەسەر دەكرد، كەواتە دەكرێ لە لایەن لایەنێكەوە بێت، خۆ ئەو بڕە پارەیە ئەگەر بە فەرمی بۆ حكوومەت بڕۆشتایە، بە دڵنیاییەوە لە رووی ئابووری و خزمەتكردن و پڕۆژە، گەورەترین سوودی لێ وەردەگیرا، ژێرخانی ئابووری دەگۆڕی، بەڵام چونكە بۆ لایەنێك بووە، هیچ سوودی نەبووە و بگرە زیانیشی بووە.

شێخ كامل ئاماژەی كرد، مادام هیچ زانیارییەك نییە كە چی بەو پارە زەبەلاح و زێڕە زۆرە كراوە، لە داهاتوویشدا زیانی دەبێت، چونكە لە حاڵەتێكدا ئەگەر وڵاتێك بیەوێ هاوكاری مادی هەرێم بكات، لەو پارەوە سەیر بكات كە پارەیەكی زەبەلاح رۆیشتووە و هیچیش دیار نییە، پەشیمان دەبێتەوە، واتە لەو رووەوەیش زیانی بۆ هەرێم دەبێ لەسەر حیسابی لایەنێك.

"ئەو پارەیە كە هاتووە، دراوەتە لایەنێك و كەسانێك، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی داواكاریی گشتییەوە بەدواداچوون بكەن كە چی لێهاتووە و كێ وەریگرتووە، چونكە ئەو پارەیە بە ناوی میلەتێكەوە هاتووە، لایەنی ئیداری شارەكەیش، هیچ قسەیان لەسەری نەكردووە"، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان وای گوت.

بەپێی رای ئەو ئابووریناسە، چونكە هەرێمی كوردستان و سلێمانی بە تایبەتی، پێوەندی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، پێدەچێت ئەو پارەیە وەك كاری بازرگانی و پڕۆژە خەرج كرابێت و سەرمایەگوزاری كرابێت، بۆیە دەبێت ئیدارەی شارەكە روونكردنەوەی خێرا بدات.

سێشەمی رابردوو لە كۆبوونەوەی فەرمی پەرلەمانی ئێران، كەریم قودوسی، نوێنەری مەشهەد لە پەرلەمان رای گەیاند، سێ ساڵ لەمەوبەر 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بە فەرمانی حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی "مێهر نیوز"، ئەو پەرلەمانتارە گوتبووی، ئەوكات پرسەكە لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەوكاتی بانكی ناوەندی، وەزارەتی ئیتلاعات، فەرمانگەی هەواڵگریی سوپا و وەزارەتی ئابووری، تاوتوێ كراوە و كۆبوونەوەكەیش بە دەنگ و وێنە لەبەردەستە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل