بەهای نەوت بۆ شەشەم هەفتە هەڵكشا

:: AM:10:14:06/06/2020 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و بۆ شەشەم هەفتەی لە دوای یەك هەڵكشانی نرخی تۆمار كرد كە جێی دڵخۆشیی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە.
نرخی نەوت بە نزیکەی 42 دۆلار دەفرۆشرێت

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و لە ماوەی هەفتەكە چوار دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بەرز بووەوە. سەرەتای هەفتەكە هەر بەرمیلێك نەوت بریتی بوو لە 37 دۆلار و86  سەنت، بەڵام نرخەكەی بە 41 دۆلار و 86 سەنت داخرا.

بەگوێرەی dailyfx  نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكیش كە لە سەرەتای هەفتەكە بە 34 دۆلار و 34 سەنت كرابووەوە، دواجار بە 39 دۆلار و حەوت سەنت داخرا كە هەڵكشانێكی بەرچاوە بۆ ئەم جۆرە نەوتەی مانگی رابردوو نرخەكەی بۆ سفر دابەزیبوو. هاوكات نەوتی برێنتیش بۆ خوارووی 16 دۆلار دابەزیبوو.

رێككەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كە ئەمەریكا و رووسیا و سعوودیە رۆڵیان تێیدا هەبوو، هۆكار بوو لەوەی نرخەكە بەرز ببێتەوە، چونكە بڕیاریان دا بە رێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و رێككەوتنەكەش لە سەرەتای ئایارەوە جێبەجێ كراوە، بۆیەش لەم مانگەدا بەهای نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا.

لە رۆژی پێنجشەمەوە وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بە ڤیدیۆ كۆنفرانس لە هەوڵدان بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر كەم بكەنەوە، ئەمڕۆ شەمووش بڕیاری كۆتا دەردەكەن و لەژێر كاریگەریی ئەو هەنگاوانە نرخی نەوتیش بەرز بووەتەوە.

سعوودیە پێشتر گوتبووی تا كۆتایی ساڵ لەسەر هەمان پلانی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت كە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ بازاڕی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان