٨ ی مارس و چەند سەرنجێك

AM:11:10:08/03/2017 ‌

رۆژی ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧، ژنانی كرێكاری یەكێك لە كارگەكانی دوورین لە نیویۆركی ئەمەریكا ڕژانە سەر شەقامەكان و داوایان كرد كرێی كارەكانیان بۆ زیاد بكرێت، چونكە بە پێی ئەو كات و كارەی ئەنجامی دەدەن، كرێی وەرگرتنیان زۆر كەم و رەمزییە، بەڵام پۆلیس هەوڵی دا بە زەبری هێز خۆپێشاندانەكە كۆتا پێ بێنێت و ئەوەش ئاڵۆزی لێ كەوتەوە.

لە ساڵی ١٩٠٧ جارێكی تر لە لایەن ژنانی نیویۆركەوە یادی خۆپێشاندانەكەی ژنان كرایەوە و لە ساڵی ١٩٠٩ پێشنیازی ئەوە كرا كە ساڵانە خۆپێشاندانی ژنان بۆ مافە كۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنییەكانیان بەردەوام بێت، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٧٧ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە شێوەیەكی فەرمی رۆژی ٨ ی مارسی لە ژێر ناوی ڕۆژی مافەكانی ژن و ئاشتی تۆمار كرد.

 ساڵانە  لە رۆژی ٨ ی مارس دا لە تەواوی وڵاتانی دنیا چەندان چالاكی بەو بۆنەیەوە بەڕێوە دەچێت و تێیدا ژنانی دنیا داوای رێزگرتن لە ژن و بەدەستهێنانی مافە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیان دەكەن و داوا دەكەن كۆمەڵگەكان كۆتا بە حوكمی پیاوسالاری بێنن و یەكسانی ژن و پیاو لە تەواوی جومگەكانی كۆمەڵگەكان جێگیر ببێ و ڕەنگ بداتەوە.

ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ساڵانە لەو رۆژەدا یادی مافەكانی ژن دەكرێتەوە، بەڵام دەكرێ بپرسین لە كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا تەنیا ڕۆژێك بەسە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی ژن؟ لە ڕاستیدا وەڵامەكە نەخێرە، نەك ڕۆژێك، بگرە تەواوی ڕۆژەكانی ساڵ دەبێت ژنان داكۆكی و خەبات بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆیان، دەبێت ژنان ئەوە بسەلمێنن كە لە ڕووی پەروەردە و سێكتەری تەندروستی و كشتوكاڵی و ئەندازیاری و كۆی جومگەكانی كۆمەڵگە شوێن دەستیان دیار بێت، ژنان بە كردەی ئەوە بە گوێی هەموواندا بدەن كە ئەوان وەك ژن تەنیا ئامێرێكی سێكس نین كە پیاوانی ڕۆژهەڵات بەو شێوەیە سەیریان بكەن و تەنیا كارەكتەرێكی نێو ماڵەوە و چێشتخانەكان نین كە خواردەمەنی دروست بكەن و  ئەركی بەخێوكردنی منداڵ لە ئەستۆ بگرن، بەڵكو ژنان دەتوانن پزیشكێك یان ئەندازیارێك یان مامۆستایەك یان فەرمانبەرێكی دڵسۆز بن و تەنانەت سیاسییەكی باش بن كە ئامانجیان بەكارهێنانی هونەری سیاسەت بێت بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەكانیان.

ئەگەر سەیری كۆمەڵگەكانی ڕۆژئاوا بكەین، دەبینین ئەنجێلا مێركڵ بۆ چەند خولێك سەرۆكی ئەڵمانەكانە بە ڕاست مێركڵ ڕۆڵێكی كاریگەری راستەقینەی سەركردایەتی وڵاتەكەی بینیوە یاخود ئەو پیاوانەی كە سەرۆكی وڵاتە رۆژهەڵاتییەكانن؟.

كەواتە دەبێت ئەوە بڕەوێنینەوە كە دەگوترێت ژن سەركردەی هەر وڵاتێك بێت، ئەوا كۆمەڵگەكەی بەختەوەر نابێت، نەخێر ئەوە تەنیا وەهمێكە و ڕۆژانە بە گوێی منداڵانی ڕۆژهەڵاتدا دەگوترێتەوە، ئەگەر نا وەك ئاماژەمان پێ كرد، ژنەكانی رۆژئاوا نموونەیەكی زۆرباش و ڕۆڵیكی ئەرێنییان لە سەركردایەتیكردنی وڵاتەكانیان گێڕاوە.

لە رۆژی ٨ ی مارسدا نابێت تەنیا ئەو رۆژە لە لایەن ئێمەی ژنانەوە یادی ژن بكرێتەوە و بەس، بەڵكو دەبێت رۆژی ٨ی مارس ڕاپەرینێكی تری ژنان بێت لە پێناو بەدیهێنانی تێكڕای مافەكانی ژن و یەكسانبوونی ژن و پیاو لە كۆمەڵگەدا لە ڕووی ماف و ئەرك و پێگەی كۆمەڵایەتی و بوارەكانی تر.

هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێك لە مێژوودا بە بێ هۆكار دەستی پێ نەكردووە، كەواتە هۆكارەكانی شۆڕشێكی ژنانیش دەبێت لە هۆشیاربوونەوەی ژنانەوە دەست پێ بكەین و ئینجا بڵاوكردنەوەی بیری یەكسانی ژن و پیاو باوەڕهێنان بە پیاو كە ژنیش وەك پیاوان دەتوانن بێنە مەیدانەكە و بەیەكەوە لە بری ململانێكردنی دوو ڕەگەزی پیاو و ژن لە بری زەقكردنەوەی فێمێنیزم و پیاوسالاری، هەردوولا بە یەكسانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو یەكسانی زیاتر ببەین و جوانتری بكەین.

بێریڤان مەحموود