ئازادی به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ندێكه‌وه شه‌ڕی بۆ كراوه و دووپاتی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن هه‌ندێكی تریشه‌وه سووكایه‌تیی پێ كراوه و پرسیار و گومانی له‌باره‌وه دروست كراوه، به‌ڵام با به كورتی جیاوازییه‌كه‌ی به‌پێی واقیعی ئه‌مڕۆ ده‌ستنیشان بكه‌ین و بزانین له نێوان ئازادی و به‌ڕه‌ڵاییدا چی هه‌یه.
چه‌مكی یه‌كه‌م "ئازادی" سنوورداره به ڕێزگرتن له كه‌سانی تر به مانا فراوانه‌كه‌ی. واته ئه‌وه‌ی بۆ خۆت و خۆشییه‌كانت و جۆری ژیانت به ره‌وای ده‌زانی، وات لێ نه‌كات ده‌ست بۆ موڵك و ژیان و شه‌ره‌ف و تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سانی تر ببه‌یت، چونكه به ساده‌ترین شێوه كه چوویته ئه‌و سنوورانه‌وه، ئازادیی كه‌سێكی تر یان ده‌زگایه‌ك یان به‌رانبه‌رت پێشێل كردووه، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌بیت به سنووربه‌زێن و ده‌ستدرێژیكار.
دووه‌میان كه "به‌ڕه‌ڵایی"یه، زۆر نزیكه له سنووره‌كانی ئازادییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی تێی نه‌په‌ڕێنی، لێره‌دا ئاستی هۆشیاری و كولتووری كه‌سه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت و مرۆڤی شارستانیی زۆر به وریایی ده‌توانێ هه‌موو ماناكانی ژیان بدۆزێته‌وه و موماره‌سه‌ی ئازادی بكات، بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز بچێته سنووری به‌ڕه‌ڵاییه‌وه، چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ئه‌و سنووره‌وه، ئیتر هۆشیان نه‌ماوه و رێ به‌خۆیان ده‌ده‌ن پێشێلی هه‌موو سنوورێك بكه‌ن و به‌رپرسیارێتیش له ئه‌ستۆ نه‌گرن، راستییه‌كه‌ی ئه‌مه جۆرێكه له نه‌خۆشی و خۆپه‌رستی و بێ كولتووری.
ده‌توانین ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه ئازادی پێكدێت له‌وه‌ی مرۆڤ مافی هه‌یه، به‌پێی پێوه‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌ی خۆی مامه‌ڵه بكات و ده‌وروبه‌ر یان به‌رانبه‌ره‌كه‌ی هه‌راسان نه‌كات، هه‌ركاتێك مه‌رجه‌كانی ژیانێكی شارستانی ره‌چاو كرد به دووركه‌وتنه‌وه له ئاژاوه‌گێڕی و گێچه‌ڵكردن كه له چوارچێوه‌ی یاسای هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا رێك خراون، ئه‌وه هه‌م موماره‌سه‌ی ئازادی كردووه، هه‌م ژینگه‌ی گشتیی پیس نه‌كردووه. له زۆر كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ر رێپێدراو نیت پیسی بیركردنه‌وه‌ی خۆت په‌خش بكه‌یت و سزای هه‌یه، واته كه‌سانی تر كه هه‌ستیان كرد ئازادیی ئه‌وان پێشێل ده‌كه‌یت، راسته‌وخۆ پۆلیس ده‌هێننه سه‌رت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان ده‌خه‌یته مه‌ترسییه‌وه بۆ ئاره‌زووه كه‌سییه‌كانی خۆت.
به‌ڵام بۆچی بۆچوونی زۆرینه له كۆمه‌ڵگه كه‌م پێشكه‌وتووه‌كاندا وایه كه ئازادی مانای ئه‌وه‌یه، هه‌رچیت بوێ بیكه‌یت و پێ بنێ به هه‌موو رێسا و نه‌ریته‌كاندا؟ وه‌ڵامه‌كه ره‌نگه فراوان بێت و ده‌یان توێژینه‌وه‌ی بوێت، به‌ڵام به‌كورتی بۆچوونی خۆم له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات هه‌موو مرۆڤێك بزانێ ئازادی ڕه‌ها بوونی نییه، به‌و مانایه‌ی بتوانی به ته‌واوی خۆت له نۆرم و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دابڕیت. چونكه ئه‌و مرۆڤانه‌ی ئه‌م سنووره تێده‌په‌ڕێنن، ئیتر پێناسه‌كه‌یان له كۆمه‌ڵگه‌دا زۆر نزم ده‌بێته‌وه، چونكه ئازادی مادام به یاسا رێكخراوه، واته ره‌ها نییه، ئیتر ئه‌مه خواستی تۆیه یان نا، بابه‌تێكی تره، ئه‌وه‌ی بابه‌تی ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردنه، ئازادی سنوورداره و مرۆڤایه‌تیی به‌وه گه‌یشتووه، به‌م ئاسته‌ی كه له كۆمه‌ڵگه‌كانی پێشكه‌وتووی كراوه‌دا، هه‌مووان به‌شی خۆیان ئازادن و ده‌ژین و كه‌سیش هه‌راسان ناكه‌ن، به‌ڵام نه‌خوێنده‌وار له‌مه تێناگات، بۆیه یاسا كۆتوبه‌ندی ده‌كات، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بۆ تێگه‌یشتنیشی دروست كردووه له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌وه‌یه جێبه‌جێكردنی یاسا لاوازه.
هه‌موومان ئازادین له هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه و هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بێت بیر له‌و به‌رپرسیارێتییه بكه‌ینه‌وه كه پێوه‌ندیی به ئاماده‌یی و توانای هه‌ڵبژاردنمانه‌وه هه‌یه. به جۆرێك هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان پێوه‌ستن به پێشبینیكردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانه‌وه، كولتوورسازی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته زۆر گرنگه و په‌روه‌رده ده‌توانێ رۆڵی گه‌وره ببینێ بۆ داهاتوویه‌كی باش و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی هۆشیار، ئه‌وكات كۆمه‌ڵگه فره‌وانتر ده‌بینێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه كه هه‌موو مانا جوانه‌كانی ئازادی و ژیان ته‌نیا له ئه‌خلاقدا كورت كراوه‌ته‌وه. له كاتێكدا شه‌ڕی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بووه، كاتێك له سه‌ره‌تاكانه‌وه بۆ ده‌ستخستنی ئازادی تێكۆشاوه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری دنیای ئێسته بكه‌ین، ده‌توانین خۆمان وا بیر بكه‌ینه‌وه كه هه‌موو كه‌سێك ئازاده له بڕیاردانی خۆی، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادییه‌مان نه‌بووایه، ئامانجی دیموكراسی چی ده‌بوو؟ گۆڕانكاری چۆن ده‌هاته ئاراوه؟ ئه‌مانه بیری مرۆڤ ده‌به‌ن بۆ ئاسته به‌ربڵاو و ماناداره‌كانی ئازادی و پێویستیشه وا بیر بكه‌ینه‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا موماره‌سه ده‌كرێت، جێی داخه هێنده مه‌وداكه‌ی ته‌سك كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا به‌ستراوه به‌وه‌ی ژن بچێته ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و كار بكات، ئازاده و له ماڵیشه‌وه بێت ئیتر لو گرتووخانه‌یه، له كاتێكدا هه‌یه له‌و ژنانه هه‌ر زۆریش دیاره و خۆی له بیركردنه‌وه‌یدا گرتووخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ خۆی سازاندووه، هه‌یشه له ماڵه‌وه ده‌ژی و تێگه‌یشتنی زۆر جوان و كراوه‌ی هه‌یه بۆ ژیان، كه‌واته ده‌بێت كار له‌سه‌ر لایه‌نه كولتوورییه‌كه‌ی بكه‌ین و مانا فراوانه‌كانی بناسین، بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند كه‌س و بوارێكدا قه‌تیسی نه‌كه‌ین.
جێی داخه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ئه‌م بواره دوو به‌ره‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه، گوایه به‌ره ئازاده‌كه ئه‌و ژنانه‌ن كه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌ژین و تا دره‌نگی شه‌و له یانه و كافێكاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، وه‌ختێ مرۆڤ ده‌ڕوانێته قسه و بۆچوونه‌كانی ئه‌م جۆره له ژن كه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو به‌ناو به ڤیدیۆ قسه ده‌كه‌ن، ته‌نیا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌مێنێته‌وه بێز له ئازادی بكه‌ینه‌وه، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆریان رێك له ناونیشانه‌كه‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه و موماره‌سه‌ی به‌ڕه‌ڵایی ده‌كه‌ن، به‌ناوی ئازادییه‌وه، ئاخر مرۆڤی ئازاد هوشیارییه‌كی به‌رزی هه‌یه، به‌ڵام ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانه زۆر سه‌ره‌تایین و دوور و نزیك نازانن ئازادی چییه و بۆ له ده‌ره‌وه‌ن و به‌شێكیش نین له‌و خه‌باته‌ی بۆ ئازادی ده‌كرێ، بگره رێك پێچه‌وانه‌كه‌ین كه دیمه‌نی وا پێشان ده‌ده‌ن، راسته‌وخۆ هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه دروست ده‌كات، خێزانی تریش كۆتوبه‌ندی زیاتر له‌سه‌ر منداڵه‌كانیان داده‌نێن.