بێریڤان مه‌حموود
هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاكانی حه‌فتای سه‌ده‌ی رابردوودا، حكوومه‌تی ناوه‌ند و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌وكاتی شۆڕشی كورد، له هه‌موو كات زیاتر نزیكتر بوون له یه‌ك و رێككه‌وتنامه‌ی ئادار هاته به‌رهه‌م، به‌ڵام یه‌كێك له خاڵه ناكۆكه‌كانی نێوانیان چاره‌نووسی كه‌ركووك بوو، حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق ده‌یویست كه‌ركووكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بمێنێته‌وه و كوردیش ده‌یویست ئه‌و شاره داگیركراوه‌ی به‌ده‌ست بێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ك كورد بمانویستایه ده‌ستبه‌رداری كه‌ركووك بین، له ساڵی ١٩٧٠ ده‌مانتوانی مافه‌كانی ترمان و هه‌رچی ده‌مانه‌وێ له به‌غدا به‌ده‌ستی بخه‌ین، به‌ڵام ره‌تكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌وكاتی به‌غدا، كرا به قوربانی كه‌ركووك و بڕیارێكی دروستیش بوو. گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌ركووك مایه‌وه و به كێشه‌له‌سه‌ریش هه‌ر باشتره له‌وه‌ی هی كورد نه‌بێت، ئێسته مێژوو ده‌رفه‌تی داوه و له ریفراندۆمه‌كه‌ی ٢٥ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ، كه‌ركووكییه‌كان به‌شێك ده‌بن له ریفراندۆم و بۆ هه‌میشه چاره‌نووسی ئه‌و شاره یه‌كلا ده‌بێته‌وه.
به‌پێی نوێترین داتاكانی حكوومه‌تی عێراق، ئێسته له كه‌ركووك رێژه‌ی كورد 52%ـه، كه‌واته بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردن یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هه‌ر ناكۆكییه‌ك به رێی دیموكراسی، ده‌بێت كورد زۆر هانده‌ر بێت و ئه‌و مافه به‌هی خۆی بزانێت كه له ده‌نگدانی دانیشتووانه‌وه به‌ده‌ستی دێنێ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه كوردستان هیچ چاره‌سه‌رییه‌كی نییه له‌ناو ئه‌و بازنه ئاگرینه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، جگه له پێڕه‌وكردنی دیموكراسی.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كۆی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ململانێی حزبی و كه‌سی به‌لاوه بخه‌ن و ته‌نیا له‌ژێر سه‌قفێكی نیشتمانی و كوردایه‌تی كۆ ببنه‌وه، له‌م كاته‌دا كه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بڕیاری داوه به فه‌رمی بخرێته ناو بازنه‌ی ریفراندۆمه‌وه، ئه‌ركه له‌سه‌ر كورده‌كان، نه‌ك ململانێی نێوانیان كۆتای پێ بێنن، بگره سه‌رنجی پێكهاته‌ی توركمان و عه‌ره‌به‌كانی شاره‌كه بۆ خۆیان رابكێشن به‌و ئامانجه‌ی هه‌ست بكه‌ن له‌ژێر ئاڵا و ده‌وڵه‌تی كوردستاندا ژیانی یه‌كسانیان ده‌ست ده‌كه‌وێت و ئارام ده‌ژین.
كه‌ركووك كه شارێكی كوردستانییه و له ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كانی مێژوویی‌دا ئه‌و راستییه خراوه‌ته ڕوو، ئێسته له دۆخێكدایه له‌گه‌ڵ كورد، عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحیشی تیادایه و ئه‌مه واقیعه، هاوكات ئه‌مه به‌شێكه له جوانیی شاره‌كه بۆ داهاتوویش، بۆیه ئێمه ده‌بێت كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین پێكهاته‌كانی تریش رژدبن بۆ ئینتیماكردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستان و وه‌ك تابلۆیه‌كی جوان پیشانی دنیای بده‌ین.
ئه‌گه‌ر له رابردوودا هاتنی داعش و لاوازیی سوپای عێراق، یارمه‌تی كوردیان دابێت بۆ ئه‌وه‌ی حوكمی كه‌ركووك بگرێته ده‌ست و به هێز و خوێن یه‌كلای بكاته‌وه، ئێسته شه‌ڕی داعش به كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر خه‌ریكه به كۆتا دێت و ره‌نگه له ئاینده‌دا سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بن له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركووك، كه‌واته چاوه‌ڕوانكراوه دۆستی ئه‌مڕۆ دوژمن بێت سبه‌ی، به تایبه‌ت ئه‌مه له عێراق له چركه‌یه‌كدا ده‌كرێ روو بدات، به‌ڵام چه‌نده سوپا و حه‌شدی شه‌عبی جێی مه‌ترسین بۆ كه‌ركووك، به‌و ئه‌ندازه‌یه ئێمه‌ی كوردیش مه‌ترسی ده‌بین، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو كۆك نه‌بین بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و شاره.
ئه‌گه‌ر جاران ته‌عریبكردن پرۆسه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بووبێت له‌سه‌ر گۆڕینی دیمۆگرافیای كه‌ركووك و حكوومه‌تی به‌عس به قۆناغبه‌ندی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرد، ئێسته مانه‌وه‌ی سه‌تان هه‌زار ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له پارێزگاكانی ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رچاون له‌سه‌ر كه‌ركووك، به تایبه‌ت كه زۆرینه‌ی شاره‌كانیان ئازاد كراون و ناگه‌ڕێنه‌وه. به‌پێی داتایه‌كی فه‌رمی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، ئێسته نزیكه‌ی ٦٥٠ هه‌زار ئاواره له كه‌ركووك جێگیرن كه زۆربه‌یان به ره‌گه‌ز عه‌ره‌بن و هه‌لی كاریان ده‌ست كه‌وتووه و مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه به‌هۆی سته‌می میلیشیاكانی شیعه، به‌ڵام ده‌بێت كورد وریابێ كه مرۆڤدۆستی یه‌كسان نییه به چاوپۆشی له خاك و داگیركردنی هه‌موو شتێكمان ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاواره‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وانه وه‌ك مه‌ترسی سه‌یر بكرێن و ناچاری گه‌ڕانه‌وه بكرێن.