ڕێككه‌وتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970 له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌مر مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ده‌رئەنجامی خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانی ده‌یان ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی و چەكداريی گەلی كورد بوو لە چوارچێوەی گەورەترین شۆڕش كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، بووه گرنگترین ده‌سكه‌وتى مێژووى نوێى تێكۆشانى ئازادیخوازیى گه‌لى كوردستان و بۆ یه‌كه‌مین جار به به‌ڵگه‌نامه‌ى یاسایى ددان به مافه ڕه‌واكانى گه‌لی كوردستان له باشوور بنرێت.
بارزانی نه‌مر كە هه‌میشه باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانە و دانوستان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ھەبوو، ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی له‌ناوچوو دوای چەندان شكست لە ساڵانی 1968 ـ 1969 پەنای بۆ دانوستان ھێنا و چەندان دانوستانی نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی لێكەوتەوە، سه‌دام حوسێن-ی گۆڕبه‌گۆڕ؛ جێگرى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وكاتى عێراق، چه‌ند جارێك سه‌ردانى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى كرد و دواتر رێككەوتننامەی 11 ئاداری لێكەوتەوە و بەیاننامەی ھاوبەش له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى له‌لایه‌ن ئەحمەد حەسەن بەكر، سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌ی عێراق راگەیەنرا.
ئەم ڕێکكه‌وتنه مێژووییه، بووە مایەی دڵخۆشی و ئومێد بۆ گەلی كوردستان به گشتی له ناوچه‌كه و جیھان، تاكی كورد بۆی روون بووه‌وه كە خاوه‌نی دۆزێكی ڕه‌وایە و پێویسته پاڵپشتیی سه‌ركردایه‌تیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بكه‌ن بۆ بهدهستهێنانەوەی ماف و خاكەكەیان، كه له‌لایه‌ن ڕژێمه فاشیستەكانی عێراقه‌وه داگیر كرابوو.
له‌م ڕێككه‌وتنه مێژووییه‌دا له‌به‌ندی (یه‌كه‌م، چواره‌م، شه‌شه‌م، حه‌وته‌م و هه‌شته‌م) بریار دراوە كۆتایی بە پرۆسەی تەعریبكردنی كه‌ركووك، خانه‌قین، شنگال و ناوچه كوردستانییە داگیركراوەكانی تر بهێنرێت و كاربه‌ده‌ستانی پارێزگا و شارۆکە و شارەدێیەکان زۆرینەیان كورد بن، یان كوردی بزانن، قوتابییانی كورد به زمانی كوردی بخوێنن و گوندنشینه كورده‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه زێدی خۆیان و فه‌رمانبه‌ره كورده‌كانیش بگه‌ڕێنرێنه‌وه سه‌ر كاری خۆیان، به‌ڵام چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر واژووكردنی ڕێكکه‌وتنه‌كه تێنه‌په‌ڕی بوو، حكوومه‌تی به‌عسی فاشیست پێچه‌وانه‌ی ڕێكکه‌وتنه‌كه پرۆسەی تەعریبكردنی لە كەركووك و ئەو ناوچانە درێژەپێدا و ناوی قوتابخانه كوردییەكانی گۆڕی بۆ عه‌ره‌بی و فه‌رمانبه‌ری عه‌ره‌بی له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقەوە هاوردە كرد و نیشتەجێیكردن له‌سه‌ر خاك و گوندی كوردانی ناوچه‌كه.
ئێستاش دەبینن به هه‌مانشێوه پرۆسه‌كە، له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانی هه‌مان عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌می به‌عسی فاشیستەوە له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییە كێشەلهسهرهكان بەردەوامیی پێدەدرێت و ئه‌نجام ده‌درێت، كه ئه‌مه‌ش فاكتەرێك بوو بارزانی نه‌مر و سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد، نه‌ڕۆنه ژێرباری و سەرلەنوێ شۆرش ده‌ستپێبكه‌نه‌وه و دژی سیاسه‌تی به‌عسی فاشیست بوەستنه‌وه و ڕێككه‌وتنی 11 ئاداری 1970یش وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی به‌هێز بمێنێتەوە، ببێتە بنەمایەكی یاسایی بەهێز بۆ ره‌وایه‌تی دۆزی كورد و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان و چەسپاندنیان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.