ئه‌حمه‌د گلی
له چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌شداریی كورد له حكوومه‌تی عێراق، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سی چه‌ند لایه‌ن و كه‌سێك نه‌بێت، هیچ سوودێكی بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌بووه. ئێسته كشانه‌وه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن باشترین هه‌نگاوه، فشارێكیشه به جیهانی ڕابگه‌یه‌نین به‌شداری حكوومه‌تێكی داگیركه‌ر و تایفی نابین كه مافی نه‌ته‌وه‌كانی تێدا پارێزراو نه‌بێت.
بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری هه‌نگاوێكی گرنگه، پێویسته ته‌نیا له كه‌ركووك نه‌بێت و كۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بایكۆت بكرێت. به‌و پێیه‌ی له‌وه‌ته‌ی كورد به‌شداره له حكوومه‌تی عێراق، هیچ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، له حاڵێكدا كه جاران زۆر له ئێسته به‌هێزتر بوو، ئێسته به‌م شكاوی و بچووكییه‌وه ده‌بێ چیمان بۆ بدوورنه‌وه؟
لایه‌نه خه‌مخۆره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و نیشتمانی كوردستان گرنگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌شدار نه‌بن، به‌م هه‌نگاوه ده‌توانن فشارێكی زۆر له‌سه‌ر به‌رپرسانی عێراق دروست بكه‌ن، هیچ نه‌بێ هه‌ندێ له مافه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده له‌ناو لایه سیاسییه كوردییه‌كان و به‌رپرسانی كورد، خیانه‌تكار و خۆفرۆش زۆرن! به‌ڵام هه‌ر هاووڵاتییه‌ك خۆی به‌خه‌مخۆر ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر حزبه‌كانیش نه‌كشانه‌وه، به‌شداری ئه‌م پرۆسه‌یه نه‌كه‌ن و شه‌رعییه‌ت به داگیركاریی حكوومه‌تی عێراقی تایفی نه‌ده‌ن.
مه‌گه‌ر هه‌ر له‌كاتی به‌شداریمان له حكوومه‌تی تایفی عێراق به چاوساغی خیانه‌تكار و خۆفرۆشان، هێز نه‌هێنرایه سه‌ر كورد و 51% خاكی كوردستان داگیر نه‌كرا؟ ئه‌ی ئێسته به‌شدار نین له حكوومه‌تی عێراق و هه‌ر ڕۆژ بیانوویه‌ك بۆ نه‌ناردنی قووتی هاووڵاتییان ده‌گرن؟ ئه‌وانه‌ی به‌ده‌نگی میله‌ت چوونه‌ته به‌غدا و له به‌رپرسیارێتی باڵادان، دڵنیابن هیچ له خه‌می كورددا نین، ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان و حزبه‌كانیان كار ده‌كه‌ن، چه‌ند به‌رپرسێكی دیاریكراو نه‌بێت كه ئه‌وانیش حیساب بۆ بۆچوونیان ناكرێت. له پێش چاومانه سه‌رۆك كۆمار و ئه‌م هه‌موو وه‌زیر و گزیر و په‌رله‌مانتاره‌ی كورد له به‌غدا، چ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی‌یان به‌ده‌ست هێناوه له گیرفان پڕكردنی خۆیان زیاتر؟. پرۆسه‌یه‌ك هێنده فاشیل و بێ كه‌ڵك بێت، به‌شداریكردن تێیدا ئه‌وپه‌ڕی نه‌زانی و تاوانه له ئاست خاك و نیشتمان.
به‌پێی لۆجیك به‌هه‌ر لایه‌كیش بڵێی ئێمه له‌ژێر سته‌مداین له عێراق، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ مه‌گه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌ی كورد نییه، راستیشه. بۆیه ئه‌و پۆست و به‌شدارییه كرچوكاڵه له به‌غدا نه‌ك سوودی نه‌بووه بۆ كورد، بگره مه‌ترسی زۆر و زیانی گه‌وره‌ی بۆ كوردستان هێناوه‌ته ئاراوه.
له ریفراندۆم خه‌ڵك گوتی عێراقی نیم، ئیتر له‌مه ده‌رفه‌تتر نییه بۆ كشانه‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆیان بۆ خۆیان به‌جێ بێڵن، چونكه به‌شداریتان و هه‌وڵه پووچه‌كان وای كردووه حكوومه‌تی تائیفی هه‌ر هه‌فته‌ی به‌جۆرێك یاریی به هه‌ستی میله‌تێك ده‌كات كه ئێوه‌ی كرد به نوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی داكۆكی لێ بكه‌ن و به هه‌ڵوێست بن، نه‌ك مووچه‌خۆر و پینه‌كه‌ری عه‌یبه‌كانی عێراق له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی كوردستان.