سالار محه‌مه‌د قادر
عه‌قڵێك رێی زانستی نه‌گرتبێ، هه‌میشه به‌ر ئه‌گه‌ری خلیسكان بۆ ناو چاڵی خورافه و لێكدانه‌وه‌ی خورافیاتی هه‌یه. له مێژووی خورافه‌ناسیدا هه‌ر میله‌تێك یا هه‌ر كه‌سێك كه پێی نه‌كراوه و نه‌یتوانیوه به شێوه‌یه‌كی زانستی دیارده‌یه‌ك له دیارده‌كان لێك بداته‌وه، یه‌كڕاست په‌نای بردووه‌ته به‌ر خورافات و لێكدانه‌وه‌یه‌كی خوارفی شیكردنه‌وه‌ی بۆ دیارده‌كه داتاشیوه. لێره‌دا دوو نمونه دێنمه‌وه:
له كتێبێكی د. عه‌لی وه‌ردی خوێندومه‌ته‌وه، له وڵاتی مه‌غریب كه‌سێك به‌ناوی "حه‌سه‌ن" كه خه‌ڵكی گوندێكه و له كۆمپانیایه‌ك كار ده‌كات، رۆژێك به مۆڵه‌ت دێته‌وه ماڵه‌وه و بۆ رۆژی دواتر له ناكاو تووشی ده‌ردی رشانه‌وه و هه‌ناسه‌ته‌نگی ده‌بێت و رۆژێك نابات گیانی ده‌سپێرێ. دوو رۆژ دواتر خێزان و منداڵه‌كانیشی به هه‌مان ده‌رد سه‌ر ده‌نێــنه‌وه و خانووه‌كه‌ی به چۆڵی ده‌مێنێــته‌وه، دواتر خێزانێكی تر له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن، ئه‌وانیش دوای یه‌ك دوو رۆژ به‌هه‌مان ده‌رد تێـدا ده‌چن. هه‌ر كه‌سێك له‌وێ نیشته‌جێ بووایه به مردنێكی خێرا كۆتا به ژیانی ده‌هات. خانووه‌كه بوو به مایه‌ی مه‌ترسی و كه‌س نه‌یده‌وێرا لێی نزیك بێته‌وه. ده‌نگۆ بڵاو بووه‌وه كه ئه‌جنده و مه‌جنده له‌و ماڵه نیشته‌جێن و هه‌ر كێ بچێته ئه‌وێ ده‌ستی لێ ده‌وه‌شێنن و به‌و ده‌رده‌وه ده‌یكوژن.
كاتی خۆی له یه‌كێك له هه‌ڕه‌مه‌كانی میسر رێڕه‌وێكی تازه‌یان كه به ژوورێك ده‌گه‌یشت دۆزییه‌وه، ئه‌وانه‌ی دۆزییانه‌وه و چوونه ناو ژووره‌كه هێنده‌ی نه‌برد دووچاری مه‌رگ بوونه‌وه. دواتر هه‌ر كه‌سێك ده‌چووه ئه‌وێ هه‌مان سه‌ره‌نجامی مه‌رگ یه‌خه‌ی ده‌گرت. ده‌نگۆ بڵاو بووه‌وه گوایه فیرعه‌ونه‌كان جۆره جادوویه‌كیان له‌و ژووره كردووه و هه‌ر كه‌سێك بچێته ناوی ده‌بێ بمرێ، گوتیان دیاره ئه‌وه‌ش نهێنییه‌كه له نهێنییه‌كانی فیرعه‌ونان و كه‌س سه‌ری لێ ده‌رناچێ!
ئه‌وانه‌ی وایان لێكداوه‌ته‌وه كه‌سانێكی زانستی نه‌بوون، كه‌سانێكی ده‌رچووی زانكۆكان و فیزیازان و كیمیاناس و زینده‌وه‌رزان نه‌بوون، كه‌سانێكی خه‌ڵكی گوندی و غه‌ریب و به‌سته‌زمانی نه‌خوێنده‌وار بوون. جا كه ده‌نگۆ بڵاو ده‌بێته‌وه، بابه‌ته‌كه چه‌نده، هێنده‌ی تری بۆ زیاد ده‌كرێ و ئه‌وه‌نده خه‌ڵكه‌ش ده‌یگێڕێته‌وه كه دواجار ببێت به چیرۆكێكی واقیعی و هیچ گومانێك هه‌ڵنه‌گــــرێ! ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانێك په‌یدا ده‌بن سوێند ده‌خۆن كه خۆیان بینیویانه یا له كه‌سێكیان بیستووه كه ئه‌ویش له كه‌سێكی تر و ئه‌وی تریش كه‌سێك بۆی گێڕاوه‌ته‌وه جێی باوه‌ڕه و درۆ له ده‌می ئه‌و ناترووكێ. به‌جۆرێك باس له بابه‌ته‌كه ده‌كرێ ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ نه‌كات یا به‌جۆرێكی تری لێكب بداته‌وه، به زه‌ندیق و فه‌رمه‌سۆن یا به گه‌مژه و له‌خۆبایی هه‌ژمێری بكه‌ن!
حكوومه‌تی مه‌غریب دوای په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی ماڵی مام حه‌سه‌ن، بڕیاری دا لیژنه‌یه‌ك به‌دوای بابه‌ته‌كه‌دا بچن و لێی بكۆڵنه‌وه. كه لێیان كۆڵییه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وت حه‌سه‌نی به‌سته‌زمان پارچه بۆڕییه‌كی له شوێنی كاركردنیدا پێ جوان بووه و له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ماڵێی هێناوه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وت ئه‌و پارچه ئاسنه ماده‌ی یۆرانیۆمی تیشكده‌ره كه كۆمپانیا له پشكنیندا به‌كاری هێناوه! پارچه ئاسنیان بۆ كۆمپانیا گه‌ڕانده‌وه و حكوومه‌ت بابه‌ته‌كه‌ی بڕانده‌وه، ماڵی مام حه‌سه‌نیش چیتر خه‌ڵكی نه‌كوشت و جنۆكه‌ومنۆكه‌ش له‌وێ باریان كرد!
حكوومه‌تی میسر له‌باره‌ی ژووره‌كه‌ی ناو هه‌ڕه‌مه‌كه به هه‌مانشێوه ستافێكی له زانایان ته‌رخان كرد له‌و چیرۆكه بكۆڵنه‌وه، له ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت ژووره‌كه جۆره به‌كتریایه‌كی دێرینه و ژه‌هرینی تێدا هه‌ر ده‌ژی و هه‌ر كێ به‌ری بكه‌وێ حه‌یاتی له‌به‌ر ده‌بڕێ. حكوومه‌ت ژووره‌كه‌ی به دژه به‌كتریا خاوێن كرده‌وه و ژوور وه‌ك ژووری ماڵانی لێ هات، ئیتر نه كه‌سی ده‌كوشت و نه كه‌سیش ترسی له‌سه‌ر مایه‌وه! ئیتر نهێنی و نه‌هێنییه‌كانی فیرعه‌ونان هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ته‌لیسمه‌كه پووكایه‌وه و جادووه‌كه‌ش به‌تاڵ كرایه‌وه!
سه‌دان و بگره هه‌زاران نموونه‌ی ئاوها له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوودا هه‌یه، ره‌نگه ئێمه‌ش نه‌وێرین باوه‌ڕیان پێ نه‌كه‌ین، چونكه تێكڕای میله‌تێك بڵێ وایه و وابوو پیاو له خۆی به گومان ده‌كه‌وێ و ده‌ڵێ ئاخۆ ده‌بێ ئه‌وان راست نه‌بن و لێكدانه‌وه‌ی زانستییانه‌ی منیش هه‌ڵه نه‌بێ؟ به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه ده‌ڵێم هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ما و میتۆدی زانستی نه‌بێ، سه‌دان په‌ڕۆ و پاتاڵی خورافی لێ ده‌ئاڵێنن، وه‌ك ئه‌و په‌ڕۆیانه‌ی به كێلی قه‌بر و به دیواری مه‌رقه‌ده‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لایان هه‌ڵواسیوه.
هه‌ر عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی زانستییه كه دنیای پێشكه‌وتووی به‌رپا كردووه و مرۆڤایه‌تی به‌و ئاسته گه‌شه‌سه‌ندووه گه‌یاندووه، چونكه عه‌قڵیی زانستی هه‌میشه له‌سه‌ر رێی راستی ده‌دره‌وشێته‌وه و دڕ به تاریكی و خورافه‌سازی ده‌دات.