ژیڤان به‌كر
به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی به كولتووركردنی خوێندنه‌وه ده‌ده‌ن، من ده‌ڵێم كتێب و خوێندنه‌وه زیانیان هه‌یه. ئه‌م پرسه له كوردستاندا زۆر گه‌وره كراوه، ئه‌ویش ئه‌و ناوه‌ند و ده‌زگایانه‌ن كه بازرگانی به كتێبه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا خوێندنه‌وه‌یه‌ك به دروستی نه‌بێت، خوێنه‌ر تووشی گێچه‌ڵ ده‌كات، به ده‌ست فیكر و ئایدۆلۆجیا و خوڕافیاته‌وه گرفتار و سه‌رگه‌ردان ده‌بێت. دواجار چه‌ندان شت و ده‌سكه‌وت (ڕه‌نگه ئاواتی بووبێت، ڕه‌نجێكی زۆری بۆ دابێت) له ده‌ستی ده‌چێت. زۆرجار مرۆڤ له سایه‌ی كتێب و خوێندنه‌وه‌وه خۆی و چه‌ندان شتی تری دۆڕاندووه.
له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ی كوردستاندا، هێندێ ناوه‌ند ته‌نێ بۆ مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه و بازرگانی خۆیان دروشمی به كولتووركردنی خوێندنه‌وه ده‌ڵێنه‌وه، دروستكردنی ئه‌و هه‌موو گرووپه به ناوی جودا و له ژێر چه‌تری ناوی (كچانی فڵان و فیسار) چه‌ندان ئامانجی له پشته، له‌وانه لێدانه له یه‌كتر، فڵان ناوه‌ند گرووپێكی دروست كردووه، له ڕێی ئه‌وانه‌وه له فیسار ناوه‌ند ده‌دات، یان كتێبه‌كانیان سووك و بێ‌نرخ و به‌ها پیشان ده‌دات. ئه‌مه‌یش بازرگانیه‌كی چاوقاییمانه و چڵێسانه‌یه به ژنه‌وه. به‌كاربردنی ژن له سایه‌ی كتێبه‌وه، یه‌كێكه له زیانه‌كانی كتێب و خوێندنه‌وه.
ئاده‌میزاد له‌گه‌ڵ پێشڤه‌چوونی، بیری له یاداشت و تۆماركردنی زانست و مێژوو و بیره‌وه‌رییه‌كانی كردووه‌ته‌وه. له كتێبه ئاسمانییه‌كان بۆ نموونه قورئان، باس له بوونی كتێبی له‌وحی مه‌حفووز ده‌كرێ (تابلۆی پارێزراو)، به كتێبی هه‌ڵگیراوی خودا ناوزه‌د كراوه، بۆیه به پیرۆزی سه‌یری كتێب ده‌كرێ، چونكی مادام خودا كتێبی هه‌یه، كه‌واته كتێب كاڵایه‌كی پیرۆزه. وه‌لێ له ڕووی كتێبه ئاسمانییه‌كانی چه‌شنی (قورئان، ئینجیل، ته‌وڕات و تاد...) ته‌نێ ته‌رزی ناوه‌ڕۆك هیی خودان، وه‌لێ وه‌ك قه‌باره و بارستایی و ماده، مرۆڤ به‌كاری بردوون و خوداكرد نین. كه‌واته ته‌نێ ئاخاڤتنێ په‌روه‌رێنه هاتیته نووسینێ. میناكی قورئانم به نموونه هێنایه‌وه، هه‌ر له‌ناو ئیسلام چه‌ندان ڕه‌وتی جودا هه‌ن، مشتومڕێكی گه‌رم له نێوانیاندا هه‌یه، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی قورئان كتێبه یان ئاخاوتنی خودایه، ئایا قورئان مه‌خلووقه یان ده‌رئاسایه، ئایا قورئان كتێبه یان چییه؟
هه‌موو ئه‌و قسه و بۆچوونانه تا ئاستی ته‌كفیركردنی یه‌كتر و فتوای كوشتن و بڕین چوون. له‌سه‌ر فه‌رمووده و كتێبه‌كانی فه‌رمووده‌یش، شه‌ڕێكی نه‌بڕاوه له نێوان سه‌له‌فی و سۆفی و ده‌روێش هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌روێش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كردوون، سه‌له‌فییه‌كان هه‌ردوو ڕه‌وته ئیسلامییه‌كه‌ی تریان ته‌كفیر كردوون. ده‌ی ئه‌مانه‌یش فیتنه‌ی كتێب و خوێندنه‌وه‌ن.
ئاینه‌كان به‌گشتی ڕقیان له دڵ و ده‌روونی پێڕه‌وانه‌ی خۆیان و دژی یه‌ك دروست كردووه، نموونه بۆ ئه‌م قسه‌یه‌م گه‌له‌ك زۆره، بۆ وێنه محه‌مه‌د فاتیح سه‌ركرده‌ی عوسمانییه‌كان بوو، خۆی به سه‌ركرده‌ی هه‌موو ئیسلام ده‌زانی، ده‌وڵه‌تی بێزه‌نتینی مه‌سیحی له‌به‌ر دوو هۆكار ڕووخاند، یه‌كه‌م ئاینه‌كه‌یان مه‌سیحی بوو، دووه‌م به‌رژه‌وه‌ندی ئیمپراتۆریی عوسمانی بپارێزێت. له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌مان سه‌ركرده چه‌ندان دوورگه‌ی یۆنانی تاڵان و داگیر كرد، ئه‌وانه‌یش له‌ژێر ئاڵای ئیسلام و فه‌تح و ئایه‌ته‌كانی جیهاد.
ده‌یان تاوان له پشت چه‌مكی (فه‌تح) ڕزگاركردن، كراوه. به‌هۆی فه‌تحی وڵاتانی نائیسلامی، ماڵ و گیان و ژن و منداڵی خه‌ڵكیان كوشتووه و بردووه و به‌كار هێناوه. جگه له‌وه‌ی ئاینه‌كانی تریش ئه‌م شه‌ڕوشۆڕه‌یان له نێواندا هه‌بووه، ئه‌مه‌یش له ئاكامی جیاوازی ئه‌و ڕێكخستن و بیروباوه‌ڕانه‌ی كه كتێبه‌كانیان داخوازییان لێ ده‌كات.
له ئیسلامدا هێندێ ڕه‌وت به‌هۆی جیاوه‌كی بیروباوه‌ڕ سڵاو له كه‌سانی یان پێڕه‌وانی ئاینی تر ناكه‌ن، چونكه باوه‌ڕیان به كتێبی یه‌كتر نییه، ئه‌ویان ده‌ڵێ ئینجیل ده‌سكاری كراوه، ئه‌ویان ده‌ڵێ قورئان كتێبی عاره‌به ژیره‌كانه، كۆمه‌ڵێ بازرگان بوون كه وڵاتان گه‌ڕاون هه‌ستیان به په‌رته‌وازه‌یی عه‌ره‌ب كردووه، بیریان له‌وه كردووه‌ته‌وه ئه‌و هه‌موو خودایه چییه هه‌یانه، بۆیه یه‌كیان خستوون و قورئانیان بۆ نووسیونه‌ته‌وه، قورئانیش تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ئه‌فسانه یۆنانییه‌كان و كتێبه به‌ناو ئاسمانییه‌كانی تر. ئه‌مه‌م هه‌را و زه‌نایه‌ی باسم كرد، گشتی له بن سه‌ری كتێب و خوێندنه‌وه‌وه‌یه.
مرۆڤ هه‌میشه به سروشتی خۆی، ساده و ساكاره، له دۆخێكی ئارام و مێشك و ده‌روونێكی ئارام‌دا ده‌ژی، كتێب و خوێندنه‌وه ئه‌و ئارامییه‌ی لێ ده‌سێنن، مێشكی جه‌نجاڵ ده‌كه‌ن، ده‌روونی وه‌ك عیشق وێران ده‌كه‌ن، نائارامی ده‌كه‌نه هاوڕێی زۆربه‌ی كاته‌كانی، دواجار دوودڵ و دڕدۆنگی به دیاری پێ ده‌به‌خشن. ئه‌و كاته‌ی له ژینی ڕابردووی به خه‌رجی داوه، كتێب و خوێندنه‌وه وا ده‌كه‌ن په‌شیمان بێته‌وه، له‌وه‌ی بۆچی پێشتر ئاوا ژیاوه، ده‌بوو به شێوازێكی تر بژیی، یان ئه‌و شێوازه‌ی ده‌ژیا بیگۆڕێت و ته‌رزی ژینی جۆرێكی نوێ و جیاواز بێت.
سه‌تان كه‌س هه‌ن، به‌هۆی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی هه‌یانه له سیما و ڕووخساردا له كه‌سانی تر جودان، بیروباوه‌ڕیان له سیمایان ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، یانی بێ ئه‌وه‌ی لێی بپرسی، خۆت هه‌ستی پێ ده‌كه‌ی چ ئاین و نه‌ته‌وه یان حزبێكه. سه‌یری جلوبه‌رگی كه‌سێكی ئایندار بكه، جیاوازه له كه‌سێك وابه‌سته‌ی ئاین نییه، یان هه‌موو بنه‌ما و ڕێسا و یاساكانی پێڕه‌و ناكات، سیما و جلوبه‌رگ و جووڵانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی مسوڵمان جودایه، كه‌واته ئه‌وه‌ی وابه‌سته‌ی ئایدۆلۆجیایه‌كی ئاینی یان فیكرییه، كێشه‌كه كتێب و خوێندنه‌وه‌ن دروستیان كردوون، چونكه كتێب و خوێندنه‌وه فیكر ده‌گۆڕن، كه‌سێكی ئایندار بۆ بێ ئاین و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ده‌گۆڕێت. زۆر كه‌سیش ئه‌و جۆره گۆڕانانه به تێكچوونی ئه‌خلاق هه‌ژمار ده‌كه‌ن، كه‌واته كتێب ئه‌خلاقیش تێك ده‌دات!
كتێب و خوێندنه‌وه خه‌ڵك خه‌مبار ده‌كه‌ن، به پێكه‌نینی ئاینن، تووڕه‌ی ده‌كه‌ن، ده‌یسووتێنن، ده‌یگرێنن. یاخی ده‌كه‌ن، فره بار مرۆ به‌هۆی خوێندنه‌وه و قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌ودیوی دێڕه‌كان، له خێزانه‌كه‌ی یاخی ده‌بێ، به‌رپه‌رچی بیرۆكه‌یه‌كی باوكی ده‌داته‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه نوێیه‌ی كتێب و خوێندنه‌وه بۆیان دروست كردووه، ناگونجێ. گه‌لێ بار خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و كتێبه سیاسییه‌كان وا ده‌كه‌ن بنیاده‌م له ڕووی حكوومه‌ت و ده‌زگه‌كانی میری بوه‌ستێته‌وه. هێندێ ده‌میش خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و كتێبه ڕه‌خنه‌یییه‌كانی دژی ئاین، وای لێ ده‌كه‌ن، له ئاین و تا خودایش یاخی بێت، ئه‌مه‌یش له زۆر كۆمه‌ڵگه یاساغه و تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ی ده‌كاته‌وه، ڕه‌نگه بیگه‌یه‌نێت به په‌تی سێداره. كه‌واته كتێب و خوێندنه‌وه زیانێك و دوویان نییه، به‌ڵكو چه‌ندان زیانیان هه‌س.
له كۆنه‌وه ئازاد ده‌ربڕین و بۆچوونی جیا بیرمه‌ندانی وه‌ك سوقڕاتی له‌سه‌ر كوژراوه، ڕۆمانییه‌كان هه‌زاران كتێبیان له‌به‌ر هۆكاری جودا سووتاندووه و نووسه‌ره‌كانیان ئه‌شكه‌نجه و ئازار داون. جان دۆست له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه له‌سه‌ر كتێبی (خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه) هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێ كراوه، سه‌ید حوسێن موسه‌وی زانایه‌كی گه‌وره‌ی شیعه‌یه، له‌سه‌ر كتێبی (بۆ خودا پاشان بۆ مێژوو)وه له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان و سه‌رۆكی حه‌وزه‌ی عیلمی (ئایه‌توڵا سه‌ید حوسێن به‌حر ئه‌لعلوم) فتوای كوشتنی دراوه و خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌یش بۆ پێڕه‌وانی شیعه‌مه‌زه‌و حه‌رام كراوه، ده‌قی فتواكه‌یش له كۆتا لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌دا به هه‌ردوو زوانی كوردی و عاره‌بی دانراوه. عه‌بدولخالق مه‌عرووف به‌هۆی پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕۆشنبیری و مه‌عریفی، نووسینه پڕ ئه‌زموون و بوێرییه‌كانی، هێزی لۆجیكی نووسین و باوه‌ڕه پته‌وه‌كانی، هه‌روه‌ها نووسینی كتێبی (ئاده‌میزاد له كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا) كه دوایین كتێبی نووسه‌ره، بووه هۆكار و بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی حزبی به‌عسی فاشی تیرۆری بكه‌ن.
دوای قه‌ده‌غه‌كردنی سووتاندنی نووسه‌ر و كتێب. پاش سه‌تان ساڵ، نازییه‌كان ساڵی ١٩٣٣ له به‌رده‌م زانكۆی به‌رلین، به‌رهه‌می نووسه‌رانی لیبراڵ و دیموكراتیان سووتاند، هه‌ڵمه‌تی سووتاندنی كتێب و گرتن و ڕاوه‌دوونانی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕووناكبیران و دژه‌بۆچوونی بیروڕای نازی له زۆری زانكۆ و كتێبخانه و شاره‌كانی تری ئه‌ڵمانیا ده‌ستی پێ كرد. به‌م هۆیه‌وه لیستی ڕه‌شیان بۆ نووسه‌ران و كتێبه‌كانیان دروست كرد و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، له‌وانه واڵته‌ر بنیامین، فرۆید، ئه‌نیشتاین، هاینرش هاینه، ڕۆزا لۆكسمبورگ و ده‌یانی تر.
كه‌واته كتێب و خوێندنه‌وه زیانیان به نووسه‌ران گه‌یاندووه، له شار و وڵاتی خۆیان ده‌ركراون، دوور خراونه‌ته‌وه، زیندانی كراون، سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كراوه و په‌لكێشی دادگا كراون، جنێویان پێ دراوه، لێیان دراوه وه‌ك فه‌رهاد پیرباڵ. هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كراوه، وه‌ك سه‌لمان ڕوشدی، خومه‌ینی سێ ملیۆن دۆلاری وه‌ك پاداشت دانابوو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی بیكوژێ. چه‌قۆیان لێ وه‌شێنراوه چه‌شنی نه‌جیب مه‌حفووز. وه‌ك عه‌لی شه‌ریعه‌تی له وڵاتانی تردا به هێڤیێ زێدیان سه‌ریان نایه‌وه و له هه‌نده‌ران نێژران. هه‌زارانی وه‌ك ئه‌وان كتێب و خوێندنه‌وه سه‌رگه‌ردان و ماڵوێرانی كردوون، به‌نده‌یش له‌م هه‌وڵانه بێبه‌ش نیم، له ئاكامی چاپكردنی كۆمه‌ڵه چیڕۆكێكم، له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانی كوردستانه‌وه به نه‌فره‌ت كرام، ده‌یان هاوڕێ و خزم و دۆست لێم دوور كه‌وتنه‌وه، حزبه ئیسلامییه‌كان هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌كردن و نه‌فرۆشتنی كتێبه‌كه‌میان دا. سێ ڕیشدرێژی شه‌ڕواڵكورت، له كن كتێبفرۆشێكی ناو بازاڕی هه‌ولێر گوتبوویان ئه‌م كتێبه فرۆشتنی حه‌رامه و تاوانه و كوفره، به‌ڵام یه‌كه و دانه‌یه‌كیان له كاورای كتێبفرۆش كڕیبوو!
كتێب بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی شۆڕش به‌رپا ببێ، كتێب خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی دروست كردووه، كتێب چه‌ندان كۆمه‌ڵگه‌ی دنیای ئاوه‌ژوو كردووه‌ته‌وه و كردوونی به چه‌شنێكی تر. كتێب به‌دبه‌ختی بۆ مرۆ ئاینێ، چه‌ند به‌دبه‌ختن ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی كتێبه‌وه هاوسه‌ریان نییه، بۆ وێنه عه‌زیز گه‌ردی. ئه‌ی ئه‌و ژنه شاعیرانه‌ی له‌به‌ر دێڕه شیعرێكی ئیرۆتیكا پێی ده‌ڵێن قه‌حپه‌یه؟ خوێندنه‌وه وات لێ ده‌كات به هه‌موو شتێك قایل نه‌بی، سه‌ر بۆ زۆر بابه‌ت دانه‌نوێنی، ئه‌و باوه‌ڕانه‌ی هه‌ته ژینتی له‌پێناو به فیڕۆ بده‌ی، ته‌مه‌نت ده‌با، چاوت كز ده‌كا، تووشی نه‌خۆشیی بڕبڕه‌ی پشت و مل ده‌بیت، هه‌زارویه‌ك كێشه‌ی تر.
كتێب و خوێندنه‌وه كاتی بنیاده‌م ده‌كوژن، له كن هه‌موومان ڕوونه مرۆڤ یه‌كجار ده‌ژیی، پاته‌بوونه‌وه‌ی نییه، خه‌ڵكانێك هه‌ن له ژووری داخراو به مانگ و ساڵان خۆیان به‌ند ده‌كه‌ن، گوایه كتێب ده‌خوێننه‌وه، وه‌لێ له ته‌مه‌نیان ده‌ڕوا، مه‌گه‌ر به زیره‌كی بخوێننه‌وه، ده‌نا كاتیان به فڕۆ چووه و كاتیان له كتێبی پووچ به خه‌رج داوه. جگه له‌وه‌ی نه‌ژیاون! خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤار و ده‌قی بێكه‌ڵك كات ده‌كوژن، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی دواجار له ئه‌نجامی خۆی "خوێندنه‌وه"وه فڕێیان ده‌ده‌ی، داخی زۆره، بۆ نموونه كه‌سێ نیوه‌ی ته‌مه‌نی به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئاینی به خه‌رج داوه، ئێجا هه‌ر ئاینێك بێت، دواجار له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی بۆچوونی دژ و پێچه‌وانه‌ی فكری خۆی، تووشی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه ده‌بێ، كاتی له‌ده‌ست چووه.
له دوماهیدا ئێژم، جگه له چه‌ند سوودێك، كتێب ده‌یان زیانی گه‌وره‌ی هه‌یه، كێشه‌ی له‌بن نه‌هاتوو بۆ نووسه‌ر و خوێنه‌ر و وه‌رگر دروست ده‌كات، ژیانی ئاده‌میزاد تێك ده‌دات، گه‌ره‌كه میناكی شه‌كر و خوا به وریایی ده‌ستی بۆ ببه‌ین، خوێندنه‌وه‌ی كتێب و ده‌قه‌كانی تر، پێویسته به وریاییه‌وه بێت، نه‌ك وه‌ك كتێبخانه و كتێبفرۆشه‌كانی كوردستان له ڕقی یه‌كتر، ئه‌میان خوێنه‌ر بۆ په‌ڕتووكی ئاینی كێش ده‌كات، ئه‌ویتر خوێنه‌ر بۆ بێ ئاینی و ئایدۆلۆجیای تر كه خۆشی قبووڵی نییه، به‌ڵام گرنگ له دژی ئه‌ویتر ئیش بكات. ده‌زگه و دامه‌زراوه‌ی فه‌لسه‌فی له دژی ده‌زگه و دامه‌زراوه‌ی ئه‌ده‌بی ئیش ده‌كات، تاد.. وه‌لێ گه‌ره‌كه مرۆڤ بۆ حه‌ز و ئاره‌زووی خۆی بخوێنێته‌وه، نه‌ك به‌زۆر و كاریگه‌ری گۆته‌گۆتی ئه‌م و ئه‌و، پێویسته هه‌م له پسپۆڕی و بواری خۆمان و هه‌میش پێچه‌وانه‌ی هه‌موو شته‌كانی دنیا، به ئاره‌زوو بخوێنینه‌وه. فره‌وانكردنی ئاوه‌ز، گه‌وره‌تركردنی پانتایی تێگه‌یشتن و چێژی ده‌روون ئامانجمان بێت.