چەند سەرنجێک لەبارەی حکوومەتی ھەرێمەوە

AM:11:14:11/05/2020 ‌
"سوپاس بۆ حکوومەتی ھەرێم"، ئەم ڕستەیە زۆر پێویستە بگوترێ، چەند ھۆکارێک ھەن:

- ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەسەر کۆرۆنادا تۆمار کرا، بۆ كوردستان سەرکەوتنێکی جیھانی و مایەی سەرسڕمان بوو، پێش ھەموو وڵاتێک (ئێران) لەم پێبەندی و ڕێکارە تەندروستی و تەناھییانە تۆقی بوو, چونکە ئێستەیش بەھۆی نەخۆشی کۆرۆناوە ڕۆژانە دەیان کەس لە ھاووڵاتییانی دەمرن. کێشەی زینی وەرتێ و جیاکردنەوەی سلێمانی، بە فیتی ئێران بوو، ئاخر ئێران چاوی بە ھیچ سەرکەوتنێکی کورد ھەڵنایەت، بۆیە ئەو سەرکەوتنە شتێکی جوان بوو.

- نزیکەی دوو مانگە خەڵک بێکارە، دەی ئەگەر وا نەبووایه‌، ڕەنگە ئێستە وەک وڵاتانی تر مەرگی خۆشەویستانمان بە چاوەکانی خۆمان دەبینی. پەتاکە جیھانییە، حکوومەتەکانی دنیا نەیانتوانی پێشی لێ بگرن، ئێستە ژیان لە ھەرێمی کوردستاندا ئاسایی بووەتەوە لە سای پلانی ئەم حکوومەتەیە، ئومێدە لە ئایندەدا قەرەبووی زیانەکانی نەخۆشی کۆرۆنایش بکرێتەوە. 
با لەو بازنەیە بێینە دەرەوە، لەگەڵ ھەر بارانبارین و کارەساتێکی سروشتی حکوومەت تۆمەتبار بکەین، من و تۆیش ئارەزوومانە لە بەڕێوەبردنی ژوورێکیش بێت سەرکەوتوو بین، نەک ھەرێمێک.

- (پێنج مانگە مووچە نەدراوە) ئەم قسەیە سۆشیال میدیا و ئۆپۆزسیۆن وایان لە مێشکی خەڵک چەقاندووە، دەنا وا نییە, سێ مانگ مووچە لە سەردەمی شەڕی داعشەوە نەدراوە، نەک ئەم حکوومەتە نەیدابێت. جێی سەرنجە، سەرباری یەک دنیا کێشە، مەترسی شەڕی ناوەخۆ، نەخۆشی کۆرۆنا، نەناردنی بودجە لە بەغداوە، دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ نزمترین ئاست، ئەم پیاوە (مەسروور بارزانی) مووچەی ئەو مانگانەی دابین کردووە و له‌ ماوه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌یدا هه‌موو مانگ مووچه‌ دراوه‌ ته‌نیا ئه‌و مانگه‌ نه‌بێت كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌بوو، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌زموونی كوردستان، ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌.

- لە بیرمان نەچێت، ئەوانەی حوکم دەکەن وەک ئێمە مرۆڤن، پێویستە پاڵپشت و ھاوکار بین، چۆن کەموکوڕیان دەبینین، ئاوھایش پێیان پیشان بدەین کە ئیشە باشەکانیشیان دەبینین. بێگومان ھەموو ئیشێکی باش ئەرکی حکوومەتە، ھەموو حکوومەتەکانی دنیا دەبێ ھەوڵی باشترین دۆخ و گوزەران بۆ ھاووڵاتی بدەن.

- گوتنی سوپاس بۆچی پێویستە؟ چونکە ئێمەی ھاووڵاتی چۆن مافی داخوازی و ناڕەزاییمان ھەیە، ئاوھایش پێویستە سوپاسی کەسانێ بکەین کە بە دەنگی ئێمە چوونەتە پەرلەمان و حکوومەتیان پێک ھێناوە، دواجار بە ھەوڵ و ھیمەتی ئەم کابینەیە بوو، لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا خەڵک لە کارەسات پارێزاو بوون، مردنی بە کۆمەڵمان نەبینی، بە دەستی خۆمان خۆشەویستانمان تووشی نەھامەتی و مردن نەکردن.

- ھیوادارین لە ئایندەدا، بە زووترین کات ئەم دۆخە تێپەڕێنین، حکوومەت گوزەران و ژیانی خەڵک بەرەو باشترین ببات، چۆن چاکسازی له‌ زۆر بواردا كردووه‌ و له‌ داهاتوو ده‌رده‌كه‌ون ئه‌گه‌ر كاروباری سیاسیی به‌ باشی به‌ڕێوه‌ بچێت و حزب هه‌موو شتێكمان تێكنه‌داته‌وه‌، بۆ نموونه چاكسازی لە وەزارەتی شارەوانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی به‌هه‌ده‌ردانی زه‌وی و گه‌نده‌ڵی بازرگانی بوون، یه‌كێكه‌ له‌ بواره‌كان، به‌ڵام خەڵک متمانە و ھیوای زیاتری بە حکوومەت ھەیە، به‌هه‌مانشێوه‌ چاکسازیی لە ھەموو جومگەکانی ئەم ھەرێمەدا بکەن و ھەموو لایەنەکان بەشدار و ھاوکار بن.